رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ دیمەشق، جیابوونەوەی خۆی لە هەسەدە راگەیاند و گوتی: "خەڵکی رەققە و سەرۆک هۆزەکانی، لەگەڵ دەوڵەتی سووریادان."
عەبد حامید مەهباش، سەرۆکی پارتی سووریای داهاتوو کە ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری هەسەدەیە لەگەڵ حکومەتی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە وەکو خۆی دەڵێت: "پەیامەکەم بۆ مەزڵووم عەبدییە."
عەبد حامید مەهباش لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "هیچ کەسێک بۆی نییە لەبارەی رەققەوە گوتوبێژ و مامەڵە بکات، بە هیچ شێوەیەک هیچ کەسێک پەیوەندی بە رەققەوە نییە و دانوستاندن لەسەر رەققە مەکەن."
سەرۆکی پارتی سووریای داهاتوو دەڵێت: "هەسەدە بۆ کورد و بۆ گەلی کورد دانوستاندن دەکات، گەلی کورد ئێستا گوێیان لێمە، ئەوان برای ئێمەن و هاوڕێی ئێمەن. هەموو پێکهاتەکانی سووریا جێگەی رێزن لای هەمووان؛ عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، تورکمان، چەرکەس و هەموو پێکهاتەکانی دیکە."
دەشڵێت: "ئێمە هەموومان لە پلەی یەکەمدا سووریایین و نیشتیمانی سووریا کۆمان دەکاتەوە پێش ئەوەی عەرەب، کورد، سریانی یان مەسیحی و موسڵمان بین. ئێمە هەموومان سووریایین."
ئەم پەیامەی عەبد حامید مەهباش، لەکاتێکدایە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان.
مەهباش دەڵێت: "تکای من و ئەم پەیامە بۆ جەنەڕاڵ مەزڵووم و هەروەها بۆ جەنابی سەرۆک ئەحمەد جەربایە، هیچ کەسێک دانوستاندن لەسەر رەققە ناکات و هیچ کەسێک لەسەر خەڵکی رەققە گوتوبێژ ناکات. خەڵکی رەققە لەگەڵ دەوڵەتن، هەموو شێخی هۆزەکان لەگەڵ دەوڵەتن.
رەنگە ئەمڕۆ بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە نەتوانن بێنە دەرەوە و دەنگی خۆیان بگەیێنن، بەڵام من بە تەواوی دەزانم کە هەموویان لەگەڵ دەوڵەت و هێزەکانی حکومەتن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، شاری رەققەی لە دەستی هەسەدە دەرهێناوە و کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام هەسەدە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ: شارەکەی چۆڵ نەکردووە.
عەبد حامید مەهباش تکا دەکات و دەڵێ، "کەس بە ناوی ئێمەوە دانوستاندن نەکات، دەوڵەت ئەمڕۆ بۆ هەمووانە؛ بۆ عەرەب، کورد، سریانی و هەموو پێکهاتەکان. تکا دەکەم هیچ تۆڵەسەندنەوەیەک و شەڕ و پێکدادانێک روو نەدات. داوا لە هەسەدە و ئەو هێزە سەربازییانەی رەققە و دەوروبەری دەکەم بڕۆن بۆ حەسەکە و کۆبانی. رەققە بۆ خەڵکی رەققەیە."
لەبارەی کوردانی نیشتەجێی رەققەش دەڵێت: "خەڵکی ئێمەن و برای ئێمەن، ژن و ژنخوازی و پێکەوەژیان لەنێوانماندا هەیە. ئەم وڵاتە بۆ هەمووانە و سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە بەبێ جیاوازی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ