رووداو دیجیتاڵ
سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا بۆ ئەڵمانیا دواخرا کە بڕیاربوو رۆژی دووشەممە و سێشەممە بیکات، گوتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، هۆکاری دواخستنی سەردانەکە بۆ هەڵکشانی شەڕ و پێکدادانە سەختەکانی ناو سووریا دەگەڕێتەوە.
بڕیاربوو ئەحمەد شەرع لە بەرلین لەگەڵ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و فرانک ڤالتەر شتاینمایەر، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی مەیدانیی سووریاوە لە وڵاتەکەی دەمێنێتەوە، هەرچەندە بەشێک لە میدیاکان، لەوانەش ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانیا رایگەیاند، سەردانەکەی شەرع هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەپێی میدیای ئەڵمانیا سەردانەکە دواخراوە.
ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە و رێککەوتنی 14 بڕگەیی
لەگەڵ دواخستنی سەردانەکەی، حکومەتی کاتیی سووریا رایگەیاند: "گەیشتووەتە رێککەوتنی ئاگربەستی دەستبەجێ و گشتگیر" لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، پێشوازی لەم ئاگربەستە کرد و بە "خاڵێکی وەرچەرخانی یەکجار گرنگ" وەسفی کرد،تورکیاش و ئوردنیش بە هەمان شێوە پێشوازیان لە رێککەوتنەکە کرد.
پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا: "نابێت فەرشی سوور بۆ شەرع رابخرێت"
پێش ئەوەی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکە بڵاوببێتەوە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) لە فراکسیۆنە جیاوازەکان، بە تووندی دژی هاتنی شەرع بۆ بەرلین وەستانەوە. رۆژی 16ـی ئەم مانگە جانسوو ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی چەپ، لەکاتی قسەکردن بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا سەردانەکەی بە "ئابڕووچوون" وەسفکرد و گوتی: "نابێت فەرشی سووری بۆ رابخرێت، چونکە ئەو درێژەپێدەری رێبازی قاعیدەیە." ئۆزدەمیر حکومەتی ئەڵمانیای تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت لە پێناو پرسی پەنابەران، "کۆمەڵکوژیی کوردەکان" پشتگوێ بخات.
قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری کورد لە لیستی سەوزەکان، قسەی بۆ رووداو کرد و جەختی کردەوە، "نابێت ناسنامەی کوردی لە سووریا پەراوێز بخرێت." پەرلەمانتارەکە داوای کردبوو، راوێژکاری ئەڵمانیا مەرجی پاراستنی مافی کورد و کەمینەکان بەسەر شەرعدا بسەپێنێت.
فەرات کۆچاک، پەرلەمانتارێکی دیکەی پارتی چەپ، شەرعی بە بەرپرسیار لە کوشتنی "کورد، ئێزدی، عەلەوی و درووزەکان" زانی و داوای لە ئەڵمانیا کرد، لەگەڵ کوردانی حەلەب بوەستێت نەک ئەو کەسەی کە لە لایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، لویزا ئامسبێرگ، پەرلەمانتاری پارتی سەوزەکان، رەخنەی لە بێدەنگیی بەرلین بەرامبەر رووداوەکانی حەلەب گرت.
سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری (SPD)ـیش هۆشداری دا، ئەگەر مافی کەمینەکان گەرەنتی نەکرێت، نابێت هیچ جۆرە هاوکارییەک لە نێوان ئەورووپا و حکومەتی نوێی سووریادا هەبێت. ئێستا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم سەردانە، چاوەکان لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستە 14 بڕگەییەکەیە لە ناوخۆی سووریا و ئەوەی کە ئایا دیمەشق تاوەکو چەند پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت بەرامبەر بە کورد و پێکهاتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ