رووداو دیجیتاڵ
یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستیان بە چوونە ناو شاری رەققە کرد، بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی بڵاوبوونەوەی هێزەکانیانە لە هەموو گەڕەکەکانی شارەکە و بەشێکە لە پلانێکی گشتگیر بۆ جێگیرکردنی ئاسایش، سەقامگیری و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتیی خەڵک.
رۆژی یەکشەممە 18-01-2026 وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتەکەدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لە شار و ناوچە جیاوازەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هەموو خەڵک".
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر ئەمرۆ رۆژی یەکشەممە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رێککەوتنێکیان بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی تەواوەتی واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت هەر دوو پارێزگەی دێرەزوور و رەققە لە رووی کارگێڕی و سەربازییەوە دەستبەجێ رادەستی حکومەتی سووریا بکرێنەوە. ئەم رادەستکردنەوەیە سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و بنکە خزمەتگوزارییەکانی ئەو دوو پارێزگەیەش دەگرێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە دوای 12 رۆژ لە ئاڵۆزیی سەربازی دێن کە لە شاری حەلەب دەستیپێکرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. لە چەند روژی رابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵی شاری تەبقە، بەنداوی فورات و گەورەترین کێڵگەی نەوتی وڵاتەکە، (عومەر)ـی لە دێرەزوور کرد، ئەمەش دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچانە.
رێککەوتنە 14 بڕگەییەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، تەنیا رادەستکردنەوەی شارەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بڕیاردراوە سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی حەسەکەش تێکەڵی ناو دەوڵەتی سووریا بکرێن. حکومەتی دیمەشقیش دانی بە زمانی کوردیدا وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناوە و وەڵاتینامە دەداتە کوردانی بێ وەڵاتینامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ