رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) پێشوازی لە مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع دەکات و بە "بنەمایەک"ی دادەنێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی سووریا و "شاندی هاوبەشی کوردی"، بە ئامانجی چەسپاندنی مافەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراتیی فرەیی لامەرکەزیدا.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە:" ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو مەرسوومە سەرۆکایەتییە کرد کە لەلایەن ئەحمەد شەرع دەرچووە، بەتایبەتی کە کورد وەک بەشێکی سەرەکی و رەسەنی گەلی سووریا هەژمار دەکات و دان بە مافە کولتووری و زمانییەکانی گەلی کورددا دەنێت، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئەو سەرژمێرییەی کرابوو لەگەڵ لێکەوتە یاسایی و مرۆییە گەورانەی کە لێی کەوتبوونەوە."
ئەنەکەسە رایگەیاندووە:" ئەم مەرسوومە هەنگاوێکی ئەرێنییە، چونکە یەکەم نزیکبوونەوەی فەرمییە کە بەشێوەیەکی ئاشکرا و راستەوخۆ پرسی مافەکانی کورد دەخاتەڕوو.''
راشیگەیاندووە:"ناوەڕۆکی مەرسوومەکە هەنگاوێکە بە ئاراستەی چارەسەری گشتگیر و دادپەروەرانەی دۆزی کورد، وەک دۆزێکی سیاسی و نیشتمانی پێویستی بە چارەسەری قووڵتر هەیە، لەسەر بنەمای دانپێدانانی دەستووری بە مافە نەتەوەییەکان و زامنکردنی هاوبەشیی راستەقینە لە بونیادنانی دەوڵەتدا بێت."
لە راگەیێنراوەکەی ئەنەکەسەدا هاتووە:"ئەم مەرسوومە بە بنەمایەک دادەنرێت دەکرێت کاری لەسەر بکرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی و بەرپرسانە لەنێوان حکومەتی سووریا و شاندی هاوبەشی کوردی، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام کە تێیدا مافە کولتووری، زمانی، نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد بەشێوەیەکی دەستووری بچەسپێندرێن لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراتیی فرەیی ناناوەنیدا .
بە پێویستی دەزانێت بازنەی گفتوگۆکان فراوان بکرێت بۆ ئەوەی قۆناخێکی نوێ بونیات بنرێت کۆڵەکەکەی دادپەروەری و داننان بێت بە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا.
ئەنەکەسە لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا داوای راگرتنی تەواوی هەنگاوە سەربازییەکان دەکات لەرێگەی ئاگربەستێکی گشتگیر و پابەندبوون بە بەندەکانی رێککەوتنی ئاگربەست کە ئەمڕۆ راگەیێندرا.
داوا دەکات ئەم دەرفەتە بۆ قووڵکردنەوەی گفتوگۆی سیاسی و نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی یەکێتیی وڵات لەسەر بنەمای دادپەروەری کە مافی هەمووان لە تاک و پێکهاتەکان مسۆگەر بکات، بقۆزرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ