رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێترین ئاماری پەنابەرە گەڕاوەکانی بۆ سووریا لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کانوونی یەکەمی پارەوە لانیکەم 280 هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، فلیپۆ گراندی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە "UNHCR" رایگەیاند، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار، لانیکەم 280 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 800 هەزار ئاوارەی نێوخۆییش گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، گراندی نووسیویەتی "دەبێت هەوڵەکانی ئاوەدانکردەوە خێراتر و ئازایەنەتر بێت، ئەگینا خەڵک جارێکی دیکە وڵاتەکە بەجێدەهێڵن و دەبێت بەزووترین کات کار بکرێت."
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەوە کە لە ساڵی 2011 سەریهەڵدا، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون و زیاتر لە 7 ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارەی دەرەوەی وڵاتە بوون.
لە کۆنفرانسی سووریا کە لەسەرەتایی ئەم مانگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو، نزیکەی 20 وڵات لەنێویشیان وڵاتانی عەرەبی و هەروەها تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا و ژاپۆن، رێککەوتن لەسەر ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ سەرخستنی قۆناخی راگوزەری سیاسیی لە سووریا و ئەو پرۆسەیەش لەلایەن سووریاییەکانەوە سەرکردایەتی بکرێت.
بەشداربوونی کۆنفرانسەکە بەڵێنیاندا کە پشتگریی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بکەن "بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆریزمێک و تووندڕۆییەک."
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ زیاتر لەسەدا 90ـی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین کە دەکاتە نزیکەی 13 ملیۆن کەس و نزیکەی 17 ملیۆن سووریاییش پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ