ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا: کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە ستراتیژییەکانمان کردووە

18-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا رۆژی هەینی 18ی تەممووزی 2025 رایگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی تەواوی زۆربەی میحوەرە ستراتیژییەکانی ناوچەکەیان کردووە و رووبەڕووی هێرشی تووندی "داعش و گرووپە تیرۆریستییە تووندڕۆکان" دەبنەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی ئەنجوومەنەکە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ "پاککردنەوەی چەند خاڵێکی دیاریکراو، بە گوتەی ئەوان "تیرۆریستی تووندڕۆن و لە ناوچەکانی وەکو ئیدلب و شوێنەکانی دیکەوە هاتوون." هەروەها ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە،  "لەلای بیابانەوە رووبەڕووی هێرشی تووندی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەبینەوە."
 
لە سەرەتای راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی سەربازی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو چەکدارانە کردووە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و چەکدارە دەشتەکییەکاندا کوژراون. دەشڵێن، "هەموو خەڵکی سوەیدا و بیابان یەک جەستەن و هاوبەشن لە چارەنووسدا."
 
ئەنجوومەنە سەربازییەکە هۆشداریی داوە لە دووبارەبوونەوەی ئەو "کۆمەڵکوژییە دڕندانەی" کە بە گوتەی خۆیان پێشتر لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی کراون و رایگەیاندووە، "بە راشکاوی رایدەگەیێنین، رێگە نادەین ئەم تاوانانە دووبارە ببنەوە و هیچ بوونێکی هێزە تووندڕۆکان لەسەر خاکی سوەیدا قبووڵ ناکەین."
 
هەرچەندە چەکدارە دەشتەکییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرەو سوەیدا پێشڕەوی دەکەن، هەروەها دروزەکان بە کۆمەڵکوژکردن و رفاندنی خێزانی هۆزەکان تۆمەتبار دەکەن.
 
ئەنجوومەنە لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، ئەوەی لەبارەی ئەوانەوە دەگوترێت، "شێواندنی وێنەی تێکۆشان"ەکەیانە، هاوکات هۆشداریی داوە لە "هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی یان دەرکردنی بڕیاری سەربازیی تاکەکەسی"، دووپاتی کردووەتەوە کە "هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هەموو گرووپ و بەرە شەڕکەرەکان لەسەر زەوی هەیە."
 
ئەو راگەیێندراوەی ئەنجوومەنەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ عەرەبە دەشتەکییەکان جاڕی شەڕیان لە دژی دروزەکان دا.
 
لە بەیاننامەیەکدا ژمارەیەک عەرەبی دەشتەکی کە چەکیان هەڵگرتووە، هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە دۆخی پارێزگای سوەیدا راگەیاند، کە ماوەیەکە بەهۆی خۆپێشاندانی دانیشتووانە دروزەکانییەوە گرژی و ئاڵۆزی تێدایە.
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەناوى هەمووانەوە دەڵێین خواردنەوەى قاوە و زرینگاندنەوەى فنجانەکانمان لێ حەرام بێت، تاوەکو ئەو کاتەى سەرجەم سووریا بە هەموو پارێزگاکان و لەپێش هەموویانەوە سوەیدا، دەگەڕێتەوە ژێر ئاڵا و باڵى دەوڵەت."
 
عەرەبە دەشتەکییەکان جەختیان کردووەتەوە، ئەم بڕیارە وەکو پەیمانێکە و دەڵێن، "بە هەمووانى رادەگەیێنین و با هەمووان بزانن، خواردنەوەى قاوە لە ئێمە حەرام بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە