شەڕی دروز و دەشتەکییەکانی سوەیدای سووریا دەستیپێکردەوە

18-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا رۆژێک دوای ئەوەی لە ژێر بۆردوومانی ئیسرائیل و گوشاری دیپلۆماسیدا رێککەوتنی ئاگربەست راگەیێندرا و سوپای سووریا لە شاری سوەیدای زۆرینە دروز کشایەوە، ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان گرووپە دروزە چەکدارەکان و و ئەو هێزە دەشتەکییانە دەستیپێکردەوە کە لە لایەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێن.
 
سوقرات نەوفەل، ئەندامی سکرتاریەتی گشتی کۆنگرەی گشتیی سوەیدا، کە رێکخراوێکی لایەنە جیاجیاکانی دروزەکانە و بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق پێکهێندراوە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەڕی سەخت" لە سوەیدا بەردەوامە.
 
لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشكێشكی کرد، نەوفەل گوتی: "شەڕ و پێکدادانی سەخت لە سوەیدا بەردەوامە. بەشێوەیەکی سەرەکی لە رۆژئاوا لە دەرعاوە، لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتیش لە دیمەشق و ناوچەی بادییەوە" هێرش دەکرێتە سەر شارەکە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە کۆتایی بە "خوێنڕێژی" بهێنرێت و لێکۆڵینەوەی "بێلایەنانە" لە تووندوتیژییەکان بکرێت، کە بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە رۆژی یەکشەممەوە بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 600 کەس.
 
هەروەها ئاژانسی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IOM) رایگەیاند، 79 هەزار و 339 کەس لە 13ی تەممووزەوە لە سوەیدا ئاوارە بوون؛ تەنیا رۆژی پێنجشەممە، 17ی تەممووز، 20 هەزار و 19 کەس ئاوارە بوون.
 
ئاژانسەکە گوتیشی، خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و پەیوەندییەکان لە سوەیدا "تووشی داڕمان بوون."
 
بە گوتەی نەوفەل، لە دەستپێکی شەڕەوە بەهۆی پچڕانی کارەبا، دابەشکردنی ئاویش وەستاوە؛ گوتیشی، بەهۆی داخستنی رێگەی دیمەشق – سوەیدا، لە یەکشەممەوە هیچ یارمەتییەکی مرۆیی نەگەیشتووەتە شارەکەیان.
 
شەڕە نوێیەکە نیشانەی پرسیاری لەسەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا دروست کردووە، کە حکومەتەکەی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بە ئاستی پێویست پەیوەندیی باش لەگەڵ کورد و عەلەوییەکانیش دروست بکات.  
 
شەرع فەرمانی بە کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لە سوەیدا کرد و گوتی، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە نێوەندگیرییان کردووە بۆ ئەوەی رێگە لە زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بگرن.  
 
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە رێڕەوەکانی نەخۆشخانەی نیشتمانیی سوەیدا بۆنێکی ناخۆش لە تەرمی هەڵئاوساو و شێواوی قوربانییان دێت کە لەناو ساردکەرەوەکاندا کەڵەکە بوون.
 
ژمارەیەکی کەمی پزیشک و پەرستار لە نەخۆشخانەکەدا کاریان دەکرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو بریندارانەی بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانەوە دەگەیشتنە نەخۆشخانەکە، کە هەندێکیان لە رێڕەوەکاندا چارەسەر وەردەگرن.
 
عومەر عوبێد، پزیشک لە نەخۆشخانە حکومییەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "لە بەیانیی رۆژی دووشەممەوە زیاتر لە 400 تەرم" گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکە.
 
عومەر عوبێد، کە هاوکات سەرۆکی لقی سوەیدای سەندیکای پزیشکانە، گوتیشی: "چی دیکە جێگە لە مردووخانەدا نەماوە؛ تەرمەکان لەسەر شەقامەکەی" بەردەم نەخۆشخانەکەن.
 
پاڵپشتیی هۆزەکان
 
رۆژی هەینی، هێزی پشتیوانیی هۆزەکان لە سەرانسەری سووریاوە لە گوندەکانی دەوروبەری سوەیدا کۆبوونەوە بۆ پاڵپشتیکردنی دەشتەکییەکانی ناوچەکە، کە دووژمنایەتیی دێرینیان لەگەڵ دروزەکان، کۆتایی هەفتەی رابردوو تەقییەوە و بووە هۆی تووندوتیژی.
 
ئەنەس عەناد، سەرۆکی هۆزێکی شاری حەمای نێوەڕاستی سووریا رایگەیاند، ئەو و پیاوەکانی چوونەتە گوندی وەلغە لە باکووری رۆژئاوای سوەیدا، چونکە "دەشتەکییەکان داوای یارمەتییان لێکردین و ئێمەش بۆ پاڵپشتیکردنیان هاتووین."
 
پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، ماڵ و دووکانی سووتاوی لە گوندەکەدا بینیوە کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی دەشتەکییەکان و هاوپەیمانەکانیاندایە.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، رایگەیاند، "بڵاوبوونەوەی چەکداری هۆزەکان لە پارێزگای سوەیدا، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ئاسانکاریی بۆ کراوە، چونکە هێزەکانی حکومەت بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ ئیسرائیل هەیانە، ناتوانن لە سوەیدا بڵاوببنەوە."
 
ئیسرائیل، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ گوشارخستنە سەر حکومەت و پاشەکشەپێکردنی، سوپای سووریای لە سوەیدا و دیمەشق بۆردوومان کرد، رۆژی هەینی رایگەیاند کە هاوکاری بۆ خەڵکی دروز لە سوەیدا دەنێرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر خەڵکی دروز لە سوەیدا و دۆخی سەختی مرۆیی لە ناوچەکە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوە، فەرمانی کردووە بە گواستنەوەی بەپەلەی هاوکاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی دروزی ناوچەکە."
 
وەزارەتەکە رایگەیاند، پاکێجەکە کە بە بەهای دوو ملیۆن شیکڵە (واتە نزیکەی 600 هەزار دۆلار)، بریتییە لە خۆراک و پێداویستیی پزیشکی.
 
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە ئاگربەستێک بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام نووسینگەی شەرع، چەکدارە دروزەکانی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار کرد.
 
سوەیدا لە شەڕەکەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و دانیشتووانە زۆرینە دروزەکەی لە ئاو و کارەبا بێبەشن، لەکاتێکدا هێڵەکانی پەیوەندیکردنیش پچڕاون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە دەکات 
 
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی رایگەیاند، نزیکەی دوو هەزار خێزان لە پارێزگای سوەیدا ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
 
سوقرات نەوفەل بە رووداوی گوت، دۆخی سوەیدا "کارەساتبارە." گوتیشی: "پێداویستی پزیشکی نەماوە."
 
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنەکەی کرد و رایگەیاند: "دەبێ پاراستنی هەموو خەڵک لەپێشینەی هەموو کارێک بێت."
 
بەرپرسەکە داوای "لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بەپەلە و شەفافی لەبارەی هەموو پێشێلکارییەکان" کرد و گوتی: "پێویستە ئەوانەی بەرپرسن، لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
 
سەرچاوە خۆجێییەکان رایگەیاند، ئەم شەڕە رۆژی یەکشەممە، دوای رفاندنی سەوزەفرۆشێکی دروز لەلایەن دەشتەکییەکانی ناوچەکەوە سەریهەڵدا، کە دواتر دروزەکانیش لە تۆڵەی ئەوەدا، دەستیان بە رفاندنی دەشتەکییەکان کرد.
 
حکومەتی سووریا سوپای رەوانەی ناوچەکە کرد و بەڵێنی دا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بەڵام گەواهیدەران و سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، هێزەکان لایەنگریی دەشتەکییەکانیان کردووە و چەندین پێشێلکارییان بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیلی دروز و چەکدارەکانیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە