رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، ئامادەنین رێگەبدەن هێزەکانی سووریای دیموکرات یەکەی سەربازیی تایبەت بە خۆیان هەبێت و پێویستە لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا دابەشی نێو سوپای وڵاتەکەبن.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مورهەب ئەبوو قەسرە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای بەریتانی دا کرد و باسی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد.
هەفتەی رابردوو، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، پێویستە حکومەتی سووریا ناناوەندی بێت. لەبارەی هێزەکانیشیان گوتی، ئامادەن وەکو یەکەیەک ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا نەوەک خۆیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام وەزیری بەرگریی سووریا رەتیکردەوە بەم پێشنیازە رازیبن.
هێزەکانی سووریای دیموکرات دەسەڵاتی سەربازیی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریان و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن. زۆرینەی هێزەکە کوردن. تورکیا ئەم هێزە بە مەترسیی لەسەر وڵاتەکەی دادەنێت.
ئەو وەزیرەی ئیدارەی کاتیی سووریا دەڵێت، "ئێمە دەڵێین ئەوان (هێزەکانی سووریای دیموکرات) بێنە نێو وەزارەتی بەرگری و بە پلانی سەربازی دابەشی سەر یەکەکان بکرێن". گوتیشی، هیچ کێشەیەک لەوەدا نابینن.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، سەبارەت بەوەی ببنە یەکەیەکی سەربەخۆ لە وەزارەتی بەرگری، "هەبوونی ئەم یەکەیە لەنێو دامەزراوەیەکی وا گەورەدا باش نییە".
مورهەب ئەبوو قەسرە ئەوەشی ئاشکراکرد، چەند جارێک لەگەڵ سەرکردەکانی هەسەدە کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بێنە نێو وەزارەتی بەرگری، بەڵام ئەوان یاریی بە کات دەکەن.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی پار، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو حکومەتی پێشووی سووریایان بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا رووخاند. دواتر، حکومەتێکی کاتییان تاوەکو ئاداری ئەمساڵ پێکهێنا. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو حکومەتە ئەوەیە پێش کۆتاییهاتنی وادەکەی، چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندا نەمێنێت و هەموویان بچنە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ