رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ئەلوەحدە لە کۆبانێوە رەتیدەکاتەوە هیچ گوندێکی کوردیی سنوورەکە کەوتبێتە ژێر دەستی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و دەڵێت، ئەو هێزانە نزیکەی 45 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورن، بەڵام خەڵک بەهۆی دوودڵییەوە لە گوندەکانەوە ئاوارەی سەنتەری کۆبانێ بوون.
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، موسلیم شێخ حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئەلوەحدە لە شاری کۆبانێوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راستە کۆبانێ گەمارۆدراوە، بەڵام رەوشی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری ئارامە و هیچ گوندێکی کوردی لە رۆژهەڵات، باشوور و رۆژئاوای کۆبانێ نەکەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی دیمەشق."
بە گوتەی موسلیم شێخ حەسەن، هێزەکانی حکومەتی سووریا "40 بۆ 45 کیلۆمەتر لە شاری کۆبانێوە دوورن".
لێدوانەکەی بەرپرسەکەی پارتی ئەلوەحدە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی هەسەدە و چالاکڤانێک بەناوی خەتاب ئیتۆ، هۆشدارییان لە نزیکبوونەوەی هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە شاری کۆبانێ دابوو.
سەبارەت بە جووڵەی هێزەکان، موسلیم شێخ حەسەن گوتی: "لە رۆژئاوای کۆبانێ تاوەکو رووباری فورات ئارامە و هێزی دیمەشق پێشڕەویی نەکردووە، بەڵام لە باشوورەوە پێشڕەوییان کردووە بە ئاراستەی کۆبانێ."
ئەو بەرپرسە سیاسییە باسی لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەت کرد و گوتی: "بەگوێرەی رێککەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، نابێت هێزەکانی دیمەشق بچنە گوندە کوردییەکانی کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە."
سەبارەت بە دۆخی دانیشتووانەکەش، موسلیم شێخ حەسەن ئاشکرای کرد: "خەڵک دوودڵە و بەو هۆیەوە دانیشتووانی ئەو گوندانەی نزیکن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی دیمەشق (وەک عەین عیسا)، ئاوارەبوونەتە نێو کۆبانێ."
لە 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کردووە و لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ