رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقافی سووریا نووسراوێکی بۆ گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا ناردووە تێیدا هێرشەکان بۆ سەر کورد و رۆژئاوای کوردستان بە "فتوحات" ناودەبات و نووسراوەکە بە ئایەتی ٩ لە سورەتی ئەنفال لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات .
ئەو نووسراوە واژۆی د.محەممەد ئەبو خەیر شوکری، وەزیری ئەوقافی سووریای کۆماری عەرەبیی سووریای لەسەرە و رۆژی 18-01-2026 دەرچووە. وەزیری ئەوقافی سووریا لەو نووسراوەدا داوا لە گوتاربێژانی مزگەوتەکان دەکات نوێژی "قونووت" لە هەر پێنج نوێژە فەرزەکەدا بکەن، بۆ نزاکردن بۆ سەرکەوتنی سەربازانی سوپای عەرەبیی سووریا.
هەروەها وەزیری ئەوقاف داوا لە گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا دەکات " تەکبیر لێبدەن بۆ خۆشی دەربڕین بە فتوحات و سەرکەوتنەکان" ی سوپای عەرەبیی سووریا لە هێرشەکانی دا دژی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان .
لە ساڵی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی ئەنفالی لە هەشت قۆناخ دا لە باشووری کوردستان دەستپێکرد کە تێیدا ١٨٢ هەزار کورد گیران و زیندەبەچاڵ کران .
هەروەها "فتوحات" بەپێی شەریعەت و لێکدانەوەی ئیسلام لە دژی کافران جێبەجێدەکرێت .
ئەم فەرمانەی وەزارەتی ئەوقاف لە کاتێکدایە کە لە 24 کاژێری رابردوودا سوپای عەرەبیی سووریا پێشڕەویی گەورەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات، تەبقە، رەققە و دێرەزوور کرد. ئەم گۆڕانکارییانە دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاتن لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی 14 بڕگەیی کە رۆژی یەکشەممە راگەیێندرا.
تائێستا لە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریادا ، تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژیی دژی خەڵکی سیڤیل تۆمارکراون هەروەک هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند.
بارودۆخی مەیدانی بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر رۆیشتووە؛ هەسەدە حکومەتی دیمەشق بە هێرشکردنە سەر زیندانەکانی داعش و "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا، حکومەتی دیمەشق ئەم پێشڕەوییانە بە "گەڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت" و "تێکشکاندنی تیرۆر" دەبینێت و داوا لە دامەزراوە ئایینییەکان دەکات رۆڵی خۆیان لە پشتگیریکردنی ئەم قۆناخەدا بگێڕن. هاوکات لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی هۆشدارییەکی تووندی داوەتە دیمەشق و داوای کردووە، ئەمریکا راستەوخۆ بەرگری لە زیندانەکانی داعش بکات تاوەکو کارەساتی گەورە روونەدات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ