رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد، "لە ئەنجامی پێکدادانەکان بۆ پاراستنی زیندانی (قەتان) لە شاری رەققە، 9 شەڕڤان شەهید بوون و 20ی دیکەش بریندار بوون." هەسەدە رەخنەی تووند لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرێت و دەڵێت، "بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، ماوەی سێ رۆژە هێزەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هاوئاهەنگیدان، بۆئەوەی زیندانیانی رێکخراوی داعش لە زیندانی (قەتان)ـەوە بۆ شوێنێکی ئارام بگوازنەوە، بەڵام هاوپەیمانان سەرەڕای بەڵێنی بەردەوام، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ گواستنەوەی زیندانییەکان نەناوە.
بەردەوامیی هێرشەکان و مەترسیی ئەمنی
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر زیندانەکە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێزەکانمان ئەرکی خۆیان لە پاراستنی زیندانەکە و رێگری لە پشێویی ئەمنی جێبەجێ دەکەن، بەڵام پێکدادانەکان لە بارودۆخێکی یەکجار مەترسیداردا بەردەوامن."
ئەم هەڵکشانە خوێناوییە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە 19-01-2026 هەسەدە رایگەیاند، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە لەدەستداوە، ئەوەش دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەت و "دەستوەرنەدانی" هێزەکانی هاوپەیمانان کە تەنیا 2 کیلۆمەتر لە زیندانەکەوە دوور بوون.
ئەم گرژییە مەیدانییانە لە کاتێکدان بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئێستا لە دیمەشقە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە کۆبوونەوەدایە بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و واژۆکردنی رێککەوتنێک.
بەپێی رێککەوتنە 14 بڕگەیییەکەی دوێنێ، دەبێت دۆسیەی زیندانیانی داعش و کەمپەکان رادەستی دەوڵەتی سووریا بکرێت، بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی سەر زیندانەکان و پێشڕەویی سوپا عەرەبییەکە بەرەو کۆبانێ، تەواوی پڕۆسەی ئاشتی و ئاگربەستەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەکی جدییەوە.
تائێستا بەهۆی شەڕ و پێشڕەوییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە حەلەب، رەققە و دێرەزوور، زیاتر لە 159 هەزار کەس ئاوارە بوون و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەسەکەش بەهۆی زۆریی بریندارانەوە داوای هاوکاریی بەپەلەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ