میدیای سووریا: ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق

20-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای حکومەتی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق. سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی پێنج کەس دەکەن و دەڵێن، یەکێکیان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
 
رۆژی شەممە، 20-1-2024، میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل "هێرشی کردە سەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە دیمەشقی پایتەخت. هێرشەکە بۆ سەر ناوچەیەک لە گەڕەکی مەزە لە ناوچەی سەییدە زەینەب لە باشووری رۆژهەڵات بوو".
 
تا ئێستا حکومەتی سووریا ئاماری کوژراو و بریندارانی رانەگەیاندووە و حکومەتی ئیسرائیلیش لێدوانی نەداوە.
 
سەرچاوەیەکی خۆجێیی سووریا دەڵێت، "تا ئێستا پێنج کەس بەهۆی ئەو هێرشەوە کوژراون"؛ سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر یەکەکی نیشتەجێبوون کە لەلایەن چەند راوێژکارێکی ئێرانی بەکاردەهات. یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانە".

 

 
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە، سەدان هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا ئەنجامداوە.

 

بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
 
ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و لانیکەم 46 هێرشی بۆسەر سوریا ئەنجامداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە