رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێ، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیان بە کۆنترۆڵکردنی دۆخی کەمپی هۆل لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کردووە. بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدەش دیمەنی چوونە ناوەوەی هێزەکانی سووریا بڵاودەکاتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، کشانەوەی هەسەدە لە کەمپی هۆل "هەوڵێک بووە بۆ دروستکردنی پشێوی و رێگەدان بە هەڵاتنی دەستبەسەرکراوەکانی نێو کەمپەکە."
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، ئەو هەنگاوەی هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی "پلانێکی وردی وەزارەتی ناوخۆدایە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش، سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی رەوشی ناوچەکە."
هاوکات فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە ئێکس ڤیدیۆی چرکەساتی چوونە ناوەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریای بۆ نێو کەمپی هۆل بڵاوکردەوە. فەرهاد شامی نووسیویەتی: "کەمپی هۆل؛ ئەمە شێوازی چوونە ناوەوەی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە بۆ نێو مەترسیدارترین کەمپی جیهان؛ کەمپی خێزانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش."
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێ، کاروانێکی ئۆتۆمبێلی هێزەکانی سەر بە دیمەشق بە خێرایی دەچنە نێو کەمپەکە و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کەمپەکەش لە دەوروبەری رێگەکە کۆبوونەتەوە.
ئەمرۆ سێشەممە 20-01-2026، هەسەدە بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە کەمپەکە راگەیاند. هەسەدە هۆکاری کشانەوەکەی بۆ "بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" و هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا گەڕاندەوە کە وایکردووە هێزەکانی بۆ پاراستنی شارەکان بگوازێتەوە.
کەمپی هۆڵ کە زیاتر لە 24,000 کەسی تێدایە (15,000 سووریایی، 3,500 عێراقی و 6,200 بیانی)، وەک مەترسیدارترین کەمپی جیهان و "بۆمبێکی چێندراو" دەبینرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ