هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەنداوی تشرین جێگیر بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەنداوی تشرین لە پارێزگای حەلەب جێگیر بوون، ئەمەش دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەپێی رێککەوتنێک کە رۆژی پێشوو لە نێوان هەردوولادا کرابوو.
 
گرتە ڤیدیۆییەکان ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان نیشان دەدەن کە چەکداریان تێدایە و بەسەر بەنداوەکەدا دەڕۆن، هاوکات دامەزراوەکانی بەنداوەکە و ناوچەکانی دەوروبەری نیشان دەدەن.
 
یەکێک لە ئەندامانی هێزەکان پشتڕاستی کردەوە کە دوای کشانەوەی هەسەدە، بەنداوەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و ئاسایشی پارێزراوە.
 
یەحیا سولەیمان گوتی: "ئەم بەیانییە، هێزەکانی وەزارەتی بەرگری دوای کشانەوەی هەسەدە، کۆنترۆڵی تەواوی بەنداوەکەیان کرد. پێشڕەوییەکان بەرەو 'سرین' و کۆبانی بەردەوامن."
 
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، ئێوارەی یەکشەممە رێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ هەسەدە راگەیاند دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا؛ ئەو رێککەوتنەی وەک "دەرفەتێک بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری" وەسف کرد.
 
هاوکات، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، ئەو بە مەبەستی راگرتنی خوێنڕشتن، رێگریکردن لە شەڕی ناوخۆ و پاراستنی ژیانی سڤیلەکان، رێککەوتنەکەی واژۆ کردووە. 
 
رێککەوتن لەسەر بەنداوی تشرین
 
رۆژی 10-04-2025، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئیدارەی سەربەخۆ و حکومەتی سووریا لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرین گەیشتنە رێککەوتن."
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە شەڕڤانانی کورد لە بەنداوەکە بکشێنەوە؛ کە لە ساڵی 2015 بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە دەست داعشیان وەرگرتەوە.
 
هەر بەپێی رێککەوتنەکە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ناوەندیی سووریا کاری پاراستنی بەنداوەکە دەگرنە ئەستۆ و ئیدارەیەکی هاوبەشیش بەڕێوەی دەبات.
 
زانیاری لەبارەی بەنداوی تشرین
 
بەنداوی تشرین یەکێکە لەو چەندین بەنداوەی کە دەکەوێتە سەر رووباری فورات و لە نێوان منبج و کۆبانێدایە. ئاوی بەنداوەکە رۆڵێکی گرنگی لە ئابووریی سووریادا هەیە، ئاو بۆ ئاودێری و وزەی هایدرۆ کارەبایی دابین دەکات.
 
لەماوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا، کە لە 2011 دەستیپێکرد، بەنداوەکە گۆڕەپانێکی چالاکی شەڕ بوو. سەرەتا بەنداوەکە کەوتە دەست گرووپە چەکدارەکان، دواتر داعش و پاشان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنتڕۆڵیان کردەوە. 
 
لە دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریری شام، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین دەستیپێکرد.
 
ئەو گرووپە چەکدارانە کە تورکیا پاڵپشتی دەکردن، نزیکەی چوار مانگ هەوڵی داگیرکردنی بەنداوی تشرینیان دا، بەڵام رووبەڕووی بەرگرییەکی تووندی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەوە. بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەنداوەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندین جار هۆشداری تەقینی بەنداوەکە و روودانی کارەساتی مرۆیی دا.
 
بەنداوی تشرین لە 22-4-2004 لەلایەن حکومەتی سووریاوە دروستکرا. ئامانجەکەش بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوو، ئەو بەنداوە دەکەوێتە باشووری کۆبانێ و باکووری رۆژئاوای رەققە و سەر بە پارێزگای حەلەبە. توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک پاسەوان لە زیندانێک لە حەسەکە. وێنە: Reuters/ئەرشیڤ

120 زیندانیی داعش لە شەدادێ هەڵاتوون؛ هەسەدە دەڵێت، چەکدارانی سووریا دەرگایان بۆ کردنەوە

وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی ورد لەناو شاری شەدادێ و دەوروبەری، توانیویانە 81 چەکداری داعش دەستگیر بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە رووداوێکی تەمومژاویدا ژمارەیەکی زۆر زیندانی لەو زیندانە هەڵاتن