ژمارەی کوژراوانی شەڕەکەی سوەیدا گەیشتە 1120 کەس

20-07-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی کوژراوان لە هەموو لایەنەکانی شەڕی نێوخۆیی سوەیدای سووریا، گەیشتووەتە 1120 کەس. بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات لە پەلکێشانی دۆخەکە بۆ تووندوتیژیی زیاتر.

بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، لەنێو قوربانییەکاندا، 194 لەسێدارەدانی مەیدانی و پاکتاوکردن لەسەر بنەمای تائیفی تۆمارکراون.
 
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی تووندوتیژی و پەلکێشان بەرەو پێشێلکاریی زیاتر کە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.
 
ئاماری قوربانییەکان لە بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزەوە بەهۆی شەڕ و لەسێدارەدانی مەیدانی و بۆردوومانی ئیسرائیلەوە، گەیشتووەتە 1120 کوژراو، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:
 
• 531 کەس لە خەڵکی پارێزگای سوەیدا، کە 104 کەسیان هاووڵاتیی سڤیلن، لەنێویاندا 6 منداڵ و 16 ئافرەت هەن.
• 373 ئەندامی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی، کە 18 کەسیان لە هۆزە بەدەوییەکانن و چەکدارێکی لوبنانیشیان تێدایە.
• 15 ئەندامی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
• 3 کەس، لەنێویاندا ئافرەتێک و دوو کەسی نەناسراو، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری کوژراون.
• یەک رۆژنامەڤان لەکاتی پێکدادانەکاندا لە سوەیدا کوژراوە.
• 194 کەس، لەنێویاندا 28 ئافرەت، 8 منداڵ و پیاوێکی بەساڵاچوو، لەلایەن ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆوە لە مەیداندا گولـلەباران کراون.
• 3 کەس لە هۆزە بەدەوییەکان، لەنێویاندا ئافرەتێک و منداڵێک، لەسەر دەستی چەکدارە دروزەکان لە مەیداندا گولـلەباران کراون.
 
کەوتنەخوارەوەی گولـلەهاوەنێک شکستی بە گۆڕینەوەی بارمتەکان هێنا
 
رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: ئەمڕۆ، کەوتنەخوارەوەی گولـلەهاوەن لە پێگەکانی چەکدارانی هۆزەکان لە باکووری سوەیدا، پرۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکانی شکستپێهێنا کە بڕیار بوو ئەم ئێوارەیە لە شارۆچکەی "ئوم زەیتوونە" ئەنجام بدرێت. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژیی ئەمنی و راگرتنی کاتیی رێککەوتنەکە.
 
پێشتر لە گوندەکانی باکووری سوەیدا ئامادەکاری کرابوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن لە نێوان گرووپە خۆجێیەکان و چەکدارانی هۆزەکاندا، لە کاتێکدا پێشێلکاری و پێکدادانەکان بەردەوام بوون. 
 
چەکدارە دروزەکان شارۆچکەی "عەریقە"یان کۆنترۆڵ کرد، لە بەرامبەردا چەکدارانی هۆزەکان گوندی "ریمە حازم"یان گرت، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە سەقامگیری لە گوندەکانی باکووردا هەبوو پێش کاتی دیاریکراوی ئاڵوگۆڕەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە