رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا (سانا)، بۆ یەکەمجار زمانی کوردی بۆ ماڵپەڕەکەی زیاد کرد.
رۆژی چوارشەممە، 20-08-2025، بە فەرمی شێوەزاری کورمانجیی زمانی کوردی بۆ ماڵپەڕی سانا زیاد کرا.
زیاد موحاید، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی سانا رایگەیاند: "پشتمان بە زمانە سەرەکییەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی، تورکی و کوردی بەستووە، لەگەڵ سیاسەتێکی نووسینى تایبەت بە هەر کام لەو زمانانە."
ئەوە یەکەمجارە زمانی کوردی بۆ ئاژانسی سانا زیاد دەکرێت. بەر لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024، جگە لە زمانی عەرەبی، بە زمانەکانی فەرەنسی و رووسی هەواڵەکانی بڵاودەکرایەوە، دواتر زمانەکانی ئیسپانی و تورکیشی بۆ زیادکرا.
کردنەوەی بەشی کوردی لە ئاژانسی سانا، لە رێوڕەسمێکدا بوو کە بەبۆنەی گۆڕانکارییەکانی ئەو ئاژانسەوە کرا.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی سانا گوتی: "سیاسەتێکی نووسینی تایبەتمان داناوە کە زیاتر هاوشێوە و نزیکە لە خەڵک. شوێنەکەمان لە ئایدۆلۆژیاییەکی بەعسیی داخراوەوە گۆڕیوە بۆ شوێنێکی کراوە و زیندوو، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ