ئەمریکا هەزاران سووریایی دیپۆرت دەکاتەوە

20-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ کۆتایی بە دۆخی پاراستنی کاتیی هەزاران پەناخوازی سووریایی دەهێنێت کە لە ئەمریکا دەژین، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بەردەوامبوون لەسەر ئەو پرۆگرامە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە.
 
رۆژی هەینی 20ی ئەیلوولی 2025 وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دۆخی سووریا چیدیکە رێگر نییە لەوەی هاووڵاتییانی سووریایی رەوانەی وڵاتەکەیان بکرێنەوە.
 
تریشیا مکلۆگلین، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، "سووریا بۆ نزیکەی دوو دەیە لانکەی تیرۆر و تووندڕۆیی بووە. پێچەوانەی بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئێمەیە کە رێگە بدەین سووریاییەکان لە وڵاتەکەماندا بمێننەوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، نزیکەی 6000 سووریایی لە ئەمریکا بەگوێرەی پڕۆگرامی پاراستنی کاتی دەمێننەوە، ئیدارەی ترەمپیش 60 رۆژی بۆ داناون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر هاووڵاتییەکی سووریایی دوای ئەو ماوەیە لە ئەمریکا بمێنێتەوە، ئەگەری دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی هەیە.
 
لە ساڵی 1990ـەوە پڕۆگرامەکە لەلایەن کۆنگرێسەوە دەرچووە و لەو کاتەوە مافی مانەوەی کاتی بە هەزاران کەس دراوە، بەڵام پڕۆگرامەکە تەنیا بەشێوەیەکی کاتییە و رێگەخۆشکەر نییە بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوەی هەمیشەیی.
 
پڕۆگرامەکە لە ساڵی 2012 بۆ سووریاییەکان راگەیێندرا و لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپیش درێژکرایەوە.
 
ئیدارەی ترەمپ رایگەیاندووە کە چاوپۆشیکردن لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە رابردوو زێدەڕۆیی تێدا کراوە و زۆرێک لە کۆچبەران چیدیکە شایستەی ئەو چاوپۆشیکردنە نین.
 
دیموکراتەکان و داکۆکیکارانی مافەکانی کۆچبەران رەخنە لە هەنگاوەکەی ترەمپ دەگرن و پێیان وایە رەنگە ئەو هاووڵاتییانە لە وڵاتانی خۆیان رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار ببنەوە و کاریگەری لەسەر خاوەنکارە ئەمریکییەکانیش دروست بکات، چونکە بەشێکیان پشتییان بە دەستی کاری پەناخوازان بەستووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە