بەرگریی سووریا: هەسەدە لە یەکەم رۆژی ئاگربەستدا 35 جار هێرشی کردووەتە سەرمان و 11 سەربازی کوشتووین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا ئامارێکی نوێی لەبارەی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تەنیا لە یەکەم رۆژی مۆڵەتی ئاگربەستدا، 35 جار پێگەکانی سوپاکەیانی کردووەتە ئامانج.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئیدارەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، "لە ئەنجامی ئەو 35 هێرشەی هەسەدە بۆ سەر پێگەکانی سوپا، 11 سەرباز کوژراون و زیاتر لە 25 سەربازی دیکەش بریندار بوون." 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر سوپا عەرەبییەکە ئاماری کوژرانی 4 سەربازی لە بەرەکانی حەسەکە و کۆبانی راگەیاندبوو.
 
تەنیا 24 کاژێر بەسەر دەستپێکردنی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا تێپەڕیوە. مەبەست لە ئاگربەستەکە ئەوە بوو، هەسەدە لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا پلانێکی ورد بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانی لە ناو دەوڵەتدا ئامادە بکات.
 
سوپای عەرەبیی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کارگەیەکی تەقەمەنی لە (یەعرووبیە)ـی داوە، بەڵام هەسەدە بە تووندی رەتیکردەوە و گوتی، رووداوەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکیی سوپاکەوە بووە.
 
بەرەبەیانی چوارشەممە دوو تەقینەوە قامیشلۆیان هەژاند. هەسەدە گوتی، سوپاکە بنکەیەکی ئاسایشی بە درۆن بە ئامانج گرتووە و هاوکات خۆکوژێک لە ناو گەراجی نەخۆشخانەیەک خۆی تەقاندووەتەوە.
 
هەسەدە لای خۆیەوە لیستی چەندین هێرشی سوپای عەرەبیی سووریای بۆ سەر کۆبانی و حەسەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی تۆپباران، ژنێکی سڤیل لە گوندی حەمدوون شەهید بووە.
 
لەلایەکی دیکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی چوارشەممە گواستنەوەی 7,000 زیندانیکراوی داعشی لە سووریاوە بۆ عێراق دەستپێکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە