رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمرۆ رۆژی چوارشەممە 21-01-2026، راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ئادمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ئادمیراڵ کووپەر و ئەحمەد شەرع باسیان لە گرنگیی پابەندبوونی هێزەکانی حکومەتی سووریا بە ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە. هەروەها تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکە، پشتگیریکردن بوو لە پڕۆسەی هاوئاهەنگیکراو بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق."
فەرماندەی سێنتکۆم، سەرۆککۆماری کاتیی سووریای لە پلانی ئەمریکا بۆ گواستنەوەیەکی رێکخراو و پارێزراوی تاوەکو 7,000 زیندانیی داعش ئاگادار کردووەتەوە. "کووپەر داوای لە هێزە سووریاییەکان و هەموو هێزەکانی دیکە کرد، خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە ببێتە رێگر لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا. هەردوو سەرکردە دووپاتیان کردەوە، پابەندن بە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش، چونکە رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ئەو رێکخراوە، ئاسایشی ئەمریکا، ناوچەکە و جیهان دەپارێزێت."
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە یەکەمین پەیوەندیی فەرمیی نێوان فەرماندەیی ناوەندیی سەربازیی ئەمریکا و سەرۆکی حکومەتی نوێی سووریایە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، لە 48 کاژێری رابردوودا بارودۆخی زیندانەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان بە تەواوەتی تێکچوو. تەنیا لە زیندانی شەدادی نزیکەی 1500 داعش هەڵاتوون یان ئازاد کراون، هەر ئەمرۆش سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمی چووە ناو کەمپی هۆل و پاسەوانیی ئەوێی وەرگرت.
سێنتکۆم ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی نوێ و بەرفراوانیان بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق دەستپێکردووە، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە مانەوەیان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکاندا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی رۆژی چوارشەممەی سێنتکۆم، ئۆپەراسیۆنەکە بە گواستنەوەی سەرکەوتووانەی 150 چەکداری داعش لە زیندانێکی شاری حەسەکەی سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو عێراق دەستیپێکردووە. سێنتکۆم رایگەیاند، ئامانجی کۆتایی ئەوەیە، تاوەکو 7,000 زیندانیی داعش لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق بگوازرێنەوە.
ئادمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لەم بارەیەوە رایگەیاند: "ئێمە بە نزیکی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، لەوانەش حکومەتی عێراق هاوئاهەنگی دەکەین و سوپاسی رۆڵی ئەوان دەکەین لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ