هەسەدە: دیمەشق ئاگربەستی پێشێل کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانی و لە ئەنجامدا ژنێکی سڤیل شەهید بووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی هەسەدە، ئاگربەستەکە لە کاژێر 20:00ـی دوێنێ شەو دەستیپێکردووە، بەڵام تەنیا دوای 10 خولەک هێرشەکان دەستیان پێکردووەتەوە. هەسەدە لیستی پێشێلکارییەکانی بەم شێوەیە بڵاوکردەوە:
 
- دوێنێ شەو (20ـی مانگ) کاژێر 08:10: تۆپبارانی تووندی شارۆچکەی (زرگان) لە باکووری حەسەکە بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێک.
 
- دوێنێ شەو کاژێر 08:20: هێرش بە چەکی قورس بۆ سەر گوندی (تەل بەروود) لە باشووری حەسەکە.
 
- ئەمڕۆ کاژێر 11:30 و 14:10: دوو هێرشی جیاواز بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری شاری (سڕین) لە باشووری کۆبانی.
 
- ئەمڕۆ کاژێر 14:45: تۆپبارانی گوندی (حەمدوون) لە باشووری کۆبانی کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژنێکی سڤیل.
 
هەسەدە جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست کردەوە، داوای لە لایەنە گەرەنتیکارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد چاودێریی ئەم پێشێلکارییانە بکەن بۆ پاراستنی سڤیلەکان و سەقامگیریی ناوچەکە.
 
ئەو راگەیێندراوەی هەسەدە لە کاتێکدایە، کە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی بەرگریی سووریا هەسەدەی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، هەسەدە لە رێگەی "درۆنی بۆمبڕێژکراو"ـەوە هێرشی کردووەتە سەر کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی لە نزیک دەروازەی یەعرووبیە و بەهۆیەوە 7 سەربازی سوپای سووریا کوژراون و 20ـی دیکەش بریندار بوون.
 
هەروەها دیمەشق هەسەدەی تۆمەتبار کردووە بەوەی هێرشی کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە نزیک شارۆچکەی (سڕین). وەزیری بەرگریی سووریا هۆشداری دابوو، "دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانە"ـی هاووڵاتییان لەلایەن هەسەدەوە لە حەسەکە، رێککەوتنی ئاگربەست بە تەواوەتی دەخاتە مەترسییەوە.
 
ئەم ئاڵۆزییە مەیدانییانە تەنیا یەک رۆژ دوای لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دێن، کە تێیدا بڕیاردرابوو 4 رۆژ ئاگربەست بێت تاوەکو لایەنەکان لەسەر پلانی تێکەڵکردنی هێزەکان رێکبکەون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەگوێرەی بانگەوزەکە، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە رۆژئاڤای کوردستان ئاوارەبوون. وێنە: AFP

ژمارەیەک رێکخراو و چالاکڤانی رۆژئاڤای کوردستان بانگەوازی سەرۆک بارزانی دەکەن

ژمارەیەک رێکخراو و چالاکڤانی کوردستانی رۆژئاڤا بانگەوازی ژمارەیەک سەرکردەی باشووری کوردستان و رێکخراو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن و هۆشداری لە دۆخی مرۆیی دەدەن و داوای یارمەتی دەکەن.