وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ یەکێتیی ئەورووپا: سوپاس

21-05-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا بە تەلەفۆن لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی قسەی کرد و لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، سوپاسی یەکێتیی ئەورووپای کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی، لە گفتوگۆکەدا لەگەڵ کایا کالاس، سوپاسی یەکێتیی ئەورووپای کردووە بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا بەهێزتر بکات بۆ پتەوکردنی هاوئاهەنگییەکان و پشتگیریکردنی پڕۆسەی سەقامگیری.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر کارکردنی هاوبەش بەمەبەستی باشترکردنی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی دووقۆڵی لە کەرتە سیاسی، مرۆیی و ئابوورییەکان.
 
هەروەها باس لە چالاککردنی پلانی بووژانەوەی خێرا و ئاوەدانکردنەوە کراوە بە مەبەستی دڵنیابوون لە وەڵامدانەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و پشتگیریکردنی ژێرخانی گشتی لە سووریا.
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، پرسی پەنابەران خراوەتە بەر باس و هەردوولا پلان و میکانیزمەکانی گەڕانەوەی شکۆمەندانە و خۆویستانەی پەنابەرانیان تاوتوێ کردووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ وەک تورکیا، ئوردن و لوبنان.
 
دوێنێ سێشەممە، یەکێتیی ئەورووپا رەزامەندی نیشاندا لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سووریا، بە مەبەستی یارمەتیدانی بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە. چاوەڕوان دەکرێت ئەو هەنگاوە کاریگەریی لەسەر دۆخی مرۆیی و ئابووریی سووریا هەبێت کە ساڵانێکە بەدەست شەڕ و گەمارۆکانەوە دەناڵێنێت.
 
باڵیۆزانی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنێکی سەرەتاییان کرد لەسەر ئەم هەنگاوە ستراتیژییە.
 
ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەورووپا دوای چەندین ساڵ دێت لە سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر سووریادا، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیرییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
 
ئامانجی سەرەکی لە هەڵگرتنی گەمارۆکان، کردنەوەی دەرفەتە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی زیاتر و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی سووریا.
 
رۆژی 13-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت؛ نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە بڕیارەکەی کرد.
  
هەمان رۆژ سەرۆکی ئەمریکا گوتی، خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆریان چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی".
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، بەڵام لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئەو کات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی نێوخۆی سووریادا سەتان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە بوون و کۆچیان کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە