رێڤەبەری خۆسەر کردنەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ رادەگەیێنێت و سووریا رەتی دەکاتەوە

21-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێڤەبەری خۆسەر رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ بە فەرمی خرایە ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و کرایەوە، بەڵام دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، "کردنەوە و کارپێکردنی تەنیا لە دەسەڵاتی ئێمەدایە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی قامشلۆیان نۆژەن کردووەتەوە و لەمەودوا فڕۆکەخانەکە لەڕووی ئابووری و ئیدارییەوە سەر بە ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەبێت.
 
بەڵام دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ ئێستا بە هۆکارێک داخراوە.
 
لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی قامشلۆ، دەستەکە لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردەوە، تاکە لایەنی یاسایی راسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردن و کارپێکردنی فڕۆکەخانەکان لە کۆماری عەرەبیی سووریا، هەروەها بۆ رێکخستنی جووڵەی ئاسمانی لەناو ئاسمانی سووریادا، بەوەشەوە کە دەرکردن یان هەموارکردنەوەی هەر ئاگادارییەکی فڕۆکەوانی دەگرێتەوە.
 
دەستەکە روونیشی کردەوە، فڕۆکەخانەی قامشلۆ بەڕووی هەموو جۆرە جووڵەیەکی ئاسمانیدا داخراوە، بڕیاری کارپێکردن یان بەکارهێنانی تەنیا لەلایەن ئەوانەوە دەردەچێت، "هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکە بەبێ هەماهەنگی و رەزامەندیی فەرمی، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییانە دادەنرێت کە کاروباری فڕۆکەوانیی مەدەنی رێکدەخەن."
 
دوای دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2012وە، کۆنترۆڵی رژێمی سووریا بەسەر فڕۆکەخانەکەدا زۆر لاواز ببوو.
 
ماوەیەک لەمەوبەریش، وێنەی تابلۆ نوێیەکانی فڕۆکەخانەکە بڵاوکرایەوە کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی نووسرابوون.
 
فڕۆکەخانەکە دەکەوێتە شاری قامشلۆ، لەوپەڕی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؛ پێشوازی لە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی دیکەی سووریا دەکات.
 
تەلاری فڕۆکەخانەکە لە چەندین هۆڵی تایبەت بە گەشتیارانی هاتوو و رۆیشتوو پێکدێت، هەروەها چەندین نووسینگەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری تێدایە.
 
فڕگە و رێڕەوی نیشتنەوەکەی پەرەی پێدراوە بۆ ئەوەی توانای پێشوازیکردن لە هەموو جۆرەکانی فڕۆکە هەبێت، هەروەها سیستەمەکانی رێنمایی فڕۆکەوانی (navigation) و ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی بەپێی نوێترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نوێ کراونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە