رووداو دیجیتاڵ
لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، زۆربەی بازرگانان بەشێکی زۆری کاڵا هاوردەکراوەکانیان لە ترسی دەستبەسەرداگرتن و پێشێلکردنی یاسا دەشاردەوە.
بەڵام دوای ئەوەی مانگی رابردوو دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە هێرشێکی خێرادا ئەسەدیان رووخاند، ئەو کاڵا بیانییانەی پێشتر قەدەخەکرابوون، وەک چوکلێت، پسکیت و شامپۆ و کاڵای دیکە خرانەوە سەر رەفەی فرۆشگاکان.
ئێستا ئەو بەرهەمانە بە ئاشکرا لە دیمەشق دەفرۆشرێن و جارێکی دیکە بێ ترس مامەڵە بە دراوی بیانی دەکرێت. لە سەردەمی ئەسەد دا، سووریا گیرۆدەی گەندەڵی، گەمارۆی قورسی ئابووری و قەیرانی نەبڕاوە ببوو.
دراوی بیانی بە تووندی کۆتوبەند کرابوو و مامەڵەکردن پێوەی یان فرۆشتنی کاڵای قەدەخەکراو، دەبووە هۆی بەندکردن لە یەکێک لە زیندانە بەدناوەکانی وڵاتەکە.
رەجەب سلێمان، بازرگانێکی سووریاییە و دەڵێت: "رۆژێک دوای رووخانی رژێمەکە، هەموو ئەو کاڵا بیانییانەی شاردبوومەوە، بێ دوودڵی هێنامن بۆ فرۆشتن."
گەنجە 23 ساڵانەکە لە تەنیشت رەفە پڕەکانییەوە دەڵێت: "هەستێکی سەیر بوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم."
پێشتر ئەو کاڵا هاوردەکراوە کەمانەی دەستدەکەوتن، یان بە قاچاخ لە لوبنانەوە دەبران، کە بازرگانەکان مەترسیی دەستگیرکردنیان لەسەر بوو، یانیش بە بەرتیلدان بە بەرپرسان دەستدەکەوتن، لە وڵاتێکدا کە 13 ساڵی جەنگی نێوخۆ وێرانی کردبوو.
رەجەب دەڵێت: "راستە ئێستا ئازادییەکی زۆرمان هەیە لە بازرگانیدا، بەڵام دۆخەکە شێواوە".
لە هەموو کۆڵان و شەقامێک، نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو کەوتوونەتەوە کار.
ئەمیر حەلیمە لە پشت مێزێکی بچووک دانیشتووە کە چەندین دەفتەر دۆلار و لیرەی سووریی لەسەرە. ئەو دەڵێت: "پێشتر ئەم کارە بە نهێنی دەکرا."
ئاماژە بەوەش دەکات، "پێشتر بۆ دۆلار وشەی 'نەعناع' یان 'مەعدەنووس' یان هەر شتێکی سەوزمان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی لیژنەی چاودێری نەماندۆزێتەوە."
بازاڕی دراو 'ئازاد کرا'
حکومەتی ئەسەد چەپۆکی بەسەر مامەڵەی دراوی بیانیدا تووندکردبوو بۆ ئەوەی ئابووری کۆنترۆڵ بکات، هەر کەسێکیش بە شێوەی سەربەخۆ کاریکردبا، رووبەڕووی حەوت ساڵ زیندان و سزای دارایی سەخت دەبووەوە.
ئاڵوگۆڕکارەکە دەڵێت: "ئێستا بازاڕ بە تەواوی ئازاد کراوە... نرخی گۆڕینەوەش هەروەها".
لیرەی سووری لە ساڵی 2011 نزیکەی 90٪ی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدا، کە ئەوە ئەو ساڵە بوو تێیدا لە ئەنجامی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان سووریا کەوتە نێو شەڕی نێوخۆوە.
ئێستا یەک دۆلار بە 11 هەزار بۆ 12 هەزار لیرەیە.
پێش ئەوەی دیمەشق بکەوێتە دەست هەتەشە و هاوپەیمانەکانی، یەک دۆلار لە بازاڕی رەشدا گەیشتبووە 30 هەزار لیرە.
باسل عەبدولحەنان، وەزیری ئابووریی حکومەتی کاتیی سووریا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئابووریی سووریای داهاتوو ئازاد و بەهێز دەبێت."
گوتیشی، دەسەڵاتە نوێیەکە "سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی، پشتیوانیکردن لە کەرتی پیشەسازی و پاراستنی کشتوکاڵ" پەیڕەو دەکات.
حکومەتەکە کە لە کانوونی یەکەم دەستی بە قۆناخێکی راگوزەر کردووە، هێشتا وردەکاریی پلانە ئابوورییەکانی نەخستووەتەڕوو.
د. عەدنان سلێمان، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی دیمەشق گوتی: "ئەو مۆدێلە ئابوورییەی پێش رووخانی رژێم هەبوو، ئابووریی بازاڕ بوو،" بەڵام "پەککەوتوو" بوو.
گەمارۆکان
د. عەدنان دەشڵێت: "خستنەڕوو و داواکاریی ئازاد نەبوون. لە جێی کێبڕکێ، قۆرخکاری هەبوو،" وەک ئاماژەیەک بۆ کەسانی نزیک لە ئەسەد کە کۆنترۆڵی کەرتە جیاوازەکانی ئابوورییان کردبوو.
لە هەوڵێکدا بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، حکومەتی کاتی هەوڵی هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەدات.
سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لەم شەش مانگەدا سزاکان هێشتا کەمدەکاتەوە بۆ ئەوەی دەستکەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، لەوانە سووتەمەنی و هاوکاریی مرۆیی ئاسانتر بێت.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، رۆژی چوارشەممە، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس رایگەیاند: "لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان کلیلی سەقامگیریی سووریایە."
گوتیشی، ئەو گەمارۆیانە بۆ بەرژەوەندیی سوورییەکان سەپێندرابوون، بەڵام ئێستا "دژی گەلی سووریان".
شەیبانی گوتی: "دەوڵەتێکی رووخاومان لە رژێمی ئەسەد بۆ ماوەتەوە، هیچ سیستەمێکی ئابووری نییە،" گوتیشی "ئابووری لە داهاتوودا کراوە دەبێت."
لە سەردەمی ئەسەددا، فرۆشتنی سووتەمەنی قۆرخکراو و زۆر سنووردار بوو.
بەڵام ئێستا فرۆشیاران بە ئاشکرا دەبە بەنزین و نەوت لە شەقامەکانی پایتەخت دەفرۆشن، هەروەها مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلیش دەرکەوتوون.
پێشتر، رێکاری تووندوتۆڵ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دانرابوو.
جەنگی سووریا نەک تەنیا زیانی گەورەی بە خەڵک، بەڵکو بە ژێرخانیشی گەیاند.
زیانگەیشتن بە وێستگەکانی کارەبا و بۆرییەکان بووەتە هۆی بڕینی کارەبا بۆ ماوەی 20 کاژێر لە رۆژێکدا.
سلێمان دەڵێت: "رژێمی پێشوو میراتێکی گەورەی بەجێهێشت. گەورەترین ئەرکی بەردەم حکومەتەکانی داهاتوو، دابینکردنی پارەیە بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ