جووتیارێکی کورد لە کاتی ئاوارەبوون لە ئەنجامی شەڕی رەققە دەکوژرێ و چەکدارەکان تەرمەکەی رادەست ناکەنەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی کورد کە خەڵکی گوندەواری کۆبانێیە و دانیشتووی رەققە بووە، لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی خێزانەکەی لە شەڕ و پێکدادانەکان، لە رێگەی رەققە - کۆبانێ کوژراوە. 
 
کەسێکی نزیکی کە پێی باشنەبوو لەبەر "هۆکاری ئەمنی" ناوی بهێندرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سادق محەممەد یاسین، باوکی 7 کچ و کوڕێکە، تەمەنی 47 ساڵ و پیشەی جووتیار بوو و لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندەواری کۆبانێ بوو، بەڵام ماوەیەک بوو بۆ کاری کشتوکاڵی رووی لە رەققە کردبوو. 
 
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، سادق محەممەد لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە ناوچەی حەزیمە لە پارێزگای رەققە کوژراوە.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "کاتێک شەڕ و پێکدادان لە رەققە دەستیپێکرد، سادق ویستی منداڵەکانی رزگار بکات و بیانباتە دەرەوە، بۆیە رووی کردە کۆبانێ. منداڵەکانی بە ئۆتۆمبێلێک نارد و خۆیشی بە تراکتۆرەکەی بەڕێکەوت."

 

 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، منداڵەکانی سادق بە سەلامەتی گەیشتوونەتە کۆبانێ، بەڵام خۆی لە ناوچەی حەزیمە کەوتووەتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و کوژراوە. 
 
سەبارەت بەوەی کێ تەقەی لێکردووە، خزمەکەی سادق گوتی: "تاوەکو ئێستا بە تەواوی بۆمان پشتڕاست نەبووەتەوە کێ کوشتوویەتی، سەرەتا گوترا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بوون، دواتر کە سوپای سووریا گەیشتنە ناوچەکە و هۆزەکانیش دەستیان بە شەڕ کرد، دۆخەکە تێکەڵ بوو، بەڵام دڵنیاین کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کراوەتە ئامانج."
 
خزمەکەی سادق جەختی لەوە کردەوە کە جووتیارەکە هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەبووە و بە رووداوی گوت: "سادق تەنیا هاووڵاتییەکی کورد بوو، کاری کێڵان و چاندنی دەکرد."
 
کەسوکاری ئەو جووتیارە کوردە لە رێگەی پۆستێکی فەیسبووکی هاوڕێیەکی عەرەبی سادقەوە زانیویانە کە هاونیشتمانییەکە کوژراوە. کەسوکارەکەی دوای هەوڵێکی زۆر بۆ سۆراخی تەرمەکەی، زانیویانە کە تەرمەکە لە دەستی چەکدارەکاندایە.
 
سەرچاوەکە بە رووداوی گوت: "زانیاریمان پێگەیشت کە چەند کەسێکی خێرخواز تەرمەکەیان بردووەتە نەخۆشخانە، بەڵام تاوەکو دوو رۆژی دوای کوژرانیشی، تەرمەکە هێشتا لە دەستی چەکدارەکاندا بوو. خێرخوازەکان هەوڵیان دابوو تەرمەکە ببەن، بەڵام سەرەتا تەرمەکەیان پێ نەدابوون."

 

 
سەبارەت بە هۆکاری رادەستنەکردنی تەرمەکە، ئەو ئەندامەی خێزانەکەی سادق دەڵێت: "زۆر کەس لەوێ هەن کە ئێمە دەیانناسین و پێمان گوتن، ئێوە چەند پارەتان بوێ، ئەگەر ئەم تەرمەمان بگەیێننە دەست، پێتانی دەدەین. بەڵام ئەوان گوتیان، ناتوانن تەرمەکەمان بۆ بێنن، لەبەر ئەوەی سادق کەسێکی کوردە، چەکدارەکان دەڵێن ئێوە سەر بە هەسەدەن. بۆیە گوتیان، ئێمە ناتوانین هیچ بکەین."
 
تاوەکو ئێستا چارەنووسی تەرمی سادق محەممەد نادیارە و نازانرێ بۆ چ نەخۆشخانەیەک گوێزراوەتەوە یان لەکوێ فڕێدراوە یان بە خاک سپێردراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی خراپیی هێڵەکانی پەیوەندی لە ناوچەکە، کەسوکارەکەی ناتوانن پەیوەندی بەو هاوڕێیەیەوە بکەن کە یەکەمجار هەواڵەکەی بڵاوکردبووەوە.
 
خزمەکەی سادق لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکەن و دەڵێن: "ئەم هەموو کوشتارە دژی خەڵکی رۆژئاڤا هەیە و هەموو جیهان لێی بێدەنگە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە