دۆخی ئاوارەکان لە قامشلۆ: منداڵەکانم بێ خواردنن

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئەو خێزانە دەڵێن، خواردن نییە بیدەن بە منداڵەکانیشیان
ئەو خێزانە دەڵێن، خواردن نییە بیدەن بە منداڵەکانیشیان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی ئاوارە لە قامشلۆ کە لە قوتابخانەیەکدا دەمێنێتەوە، باس لە دۆخی خراپی ژیانیان دەکات و دەڵێ: ''تاوەکو ئێستا هاوکاریی رێکخراوە خێرخوازییەکان نەگەیشتووە. هیچ شتێکمان نییە، تەنانەت خواردن نییە منداڵەکانم بیخۆن''.
 
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان ئاوارەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ سەردانی یەکێک لە خێزانە ئاوارەکانی کردووە کە لە قوتابخانەیەکدا دەمێننەوە و باس لە دۆخی سەختی ژیانیان دەکات.
 
نێردراوی رووداو گوتی: ''لێرە سەردانی هەر قوتابخانەیەک دەکەم، دۆخەکە زۆر کارەساتبارە. ئاوارەکان خواردن، رایەخ، سووتەمەنی و هیچ پێداویستییەکیان نییە.'' 
 
دڵنیا رەحمان لە قوتابخانەکەی قامشلۆ دۆخی ژیانی خێزانێکی پێنج کەسی پیشان دەدات و دەڵێت: ''دوێنێ شەو بەم سەرمایە، تەنیا لەسەر ئەو رایەخە خەوتوون کە بە هیچ شێوەیەک لە سەرما نایانپارێزێ. ئێستا نیوەڕۆیە و هیچ خواردنێکی گەرمیان نییە.''
 
''چەندین جارە ئاوارە دەبین''
 
عوسمان سەرپەرشتیاری خێزانەکە بە رووداوی گوت: ''ئێمە خەڵکی عەفرینین، لەوێوە ئاوارەی شەهبا بووین، دوای 8 ساڵ جارێکی دیکە ناچار بووین بچینە جزیرە؛ دوای ئەوەی دێرحافر، تەبقە و رەققە گیران، هەموومان بەرەو حەسەکە و قامشلۆ ئاوارە بووین.''
 
بەگوتەی عوسمان، لە زۆربەی قوتابخانەکانی قامشلۆ، خەڵکی عەفرین، سەرێکانێ و کۆبانێ هەن و گوتی: ''ئێستا هیچ شتێکمان نییە، تەنانەت منداڵەکانمان بێ خواردنن. 160 ماڵ لەم قوتابخانەیەدان و هیچ کەسێک لێمان ناپرسێتەوە.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی رووداو، نزیکەی 11 رێکخراوی خێرخوازی چوونەتە شارەکە، ناوی خەڵکیان تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئیستا هاوکارییەکان نەگەیشتوونەتە هەموو کەس و لەو بارەیەوە گوتی؛ ''یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە لە قامشلۆ ئاوارەیەکی زۆر هەن، بەڵام پێویستە رێکخستنێکی باشتر هەبێ بۆ ئەوەی خواردن بگاتە ئاوارەکان.''
 
''خێرخوازان شیر بۆ منداڵەکەم دابین دەکەن''
 
خێزانەکەی رووداو سەردانی کردوون، منداڵێکی تەمەن چوار مانگیان هەیە. دڵنیا رەحمان گوتی: ''خواردنێکی باش نییە بۆ ئەوەی ئەم خاتوونە بیخوات و بتوانێت شیر بە منداڵەکەی بدات. چەند رۆژێکە تەنیا خواردنی لەقوتوونراو دەخۆن.''
 
عوسمان باسی لەوە کرد، لەکاتی ئاوارەبووندا تەنیا توانیویانە خۆیان دەربازبکەن و هیچ کەلوپەلێکیان لەگەڵ خۆیان نەبردووە و رایگەیاند: ''خێرخوازێک لە دووکانەکەیەوە شیری قوتووی بۆ منداڵەکەم دابین کردووە.''
 
لە کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوکاری بۆ ئاوارەکان و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە. دڵنیا رەحمان سەبارەت بە هاوکارییەکان دەڵێت، ''هەرچی لە ماڵێکدا هەیە، بۆ ئێرە پێویستە، چونکە هیچ شتێک دەستناکەوێ، هیچ شتێک نییە بیخۆن، تەنانەت هەندێک لە خێزانەکان ئاوی خواردنەوەشیان نییە و بەفر دەتوێننەوە.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە