رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، سەرەڕای هەبوونی رێککەوتنی ئاگربەست، حکومەتی دیمەشق بەردەوامە لە جووڵەپێکردنی هێزەکانی لە جزیرە و کۆبانێ و ئەمڕۆش دووجار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە (24-01-2026) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئێمە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام دیمەشق بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئامادەکاری سەربازی دەکات و گرژییەکان لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ زیاد دەکات."
هەسەدە دەڵێت، چاودێریی جووڵەی سەربازی و لۆجستیی حکومەتی دیمەشقیان کردووە، کە ئەمەش "نیازی روونی ئەوان بۆ هەڵکشانی گرژییەکان و راکێشانی ناوچەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ دەردەخات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ لە ناوچەی جزیرە، هێزەکانیان رووبەڕووی دوو هێرشی جیاواز بوونەتەوە، کە بە "پێشێلکردنی روونی رێککەوتنی ئاگربەست" وەسفی دەکەن.
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان پابەندی بەندەکانی ئاگربەستن، بەڵام ئامادەکارییەکانی دیمەشق "پێچەوانەی پابەندبوونەکانە و هەوڵێکی بە ئەنقەستە بۆ شکستپێهێنانی هێوکردنەوەی دۆخەکە و پاڵنان بەرەو شەڕ لەبری چارەسەری سیاسی."
هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەپەلە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوون بە ئاگربەست و رێگریکردن لە هەر هەنگاوێک کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ