سووریا دراوێکی نوێ چاپ دەکات و دوو سفریش لەسەر لیرە لادەبات

24-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا پلانێکی بۆ چاکسازی لە سیستمی بانکیی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە رێکخستنەوەی پێکهاتەی بانکە نێوخۆییەکان و پێدانی مۆڵەت بە دەیان بانکی دیکەی نێوخۆیی و بیانی لەخۆدەگرێت، ئەوەش بە ئامانجی گەڕاندنەوەی متمانە و راکێشانی وەبەرهێنان بۆ بازاڕی سووریا.
 
عەبدولقادر حەسریە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەل-عەرەبییە" ئاماژەی بەوەش کرد، بانکی ناوەندی هەوڵ دەدات بچێتە نێو سیستمی "سویفت"ی جیهانییەوە، کە ئەوەش دەبێتەهۆی کرانەوەی زیاتری کەرتی بانکیی سووریا بەڕووی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی پارە و وەبەرهێنانە بیانییەکان دەکات.
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا روونیشیکردەوە، هەڵگرتنی سزاکان لەسەر کەرتی بانکی، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابووریی نێوخۆیی هەبووە، بە جۆرێک هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای لیرەی سووریش لەدوای رووخانی حکومەتی ئەسەدەوە بە رێژەی نزیکەی 35% بەرزبووەتەوە.
 
وەک هەنگاوێکی چاکسازی، حەسریە دەرکردنی دراوێکی نوێی سووریای راگەیاند و گوتی، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نوێی داراییدایە کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی سەقامگیریی دارایی و ئابوورییە.
 
هەروەها نیازی بانکی ناوەندیی بۆ لابردنی دوو سفر لەسەر لیرەی سووری نیشاندا و گوتی، ئەم هەنگاوە متمانەی مامەڵەکاران بەهێزتر دەکات و کارە داراییەکان ئاسان دەکات، هاوکات بە بەشێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی چاکسازیی ئابووری و دارایی لە وڵاتدا هەژمار دەکرێت.
 
حەسریە جەختی لەوە کردەوە کە سیستمی بانکیی سووریا لە قۆناخی داهاتوودا دەبێتە "پاڵپشتێکی سەرەکی" بۆ وەبەرهێنان، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی "ژینگەیەکی بانکیی ئارام و سەرنجڕاکێشەوە" بۆ وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە