رووداو دیجیتاڵ
جۆردان باردێلا، سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی فەرەنسا کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی فەرەنسایە رایگەیاند: "پێشڕەوی زیاتری سوپای سووریا دژی هێزە کوردییەکان نیگەرانییەکان بۆ دەرچوونی چەکدارانی داعش لە زیندان زیاتر دەکات".
رۆژی یەکشەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2026، باردێلا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سوپای سووریا دژی هێزە کوردییەکان لە باکووری سووریا، نیگەرانییەکان زیاتر دەبن بۆ نەمانی کۆنترۆڵ بەسەر هەزاران چەکداری داعش کە لە زیندانییەکانی ئەو ناوچەیەدان و بەشێکیان بیانین، لەنێویاندا فەرەنسی".
لە رۆژی 6ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە سوپای عەرەبی سووریا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبی سووریا رۆژی یەکشەممە بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە درێژکرایەوە.
لە هەفتەی رابردووەوە هەسەدە جگە لە کەمپی هۆل، سێ گرتووخانەی چەکدارانی داعشیشی جێهێشتووە، مەترسی هەیە هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە هەندێک لەو زیندانییانە لەگەڵ کەمپی هۆل ببێتە هەڕەشە و سەرەتای سەرهەڵدانەوەی داعش.
باردێلا لە نووسینەکەیدا رایگەیاندووە: "پێویستە هەموو کارێک بکرێت بۆ پاراستنمان و رێگریکردن لە جووڵەی ئەو تیرۆرستە ئیسلامییانە کە دەیانەوێت سوود لە ئاڵۆزییەکان وەربگرن، رزگاریان بێت و بگەنە ئەورووپا".
بەگوێرەی بەرپرسانی هەسەدە، پێش دەستپێکی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا نزیکەی 60 هەزار چەکدار و کەسوکارەکانیان لەنێو زیندانەکانیاندا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ