رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێت، دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا رەزامەندییان دەربڕیوە یارمەتیی ئەمریکا بدەن بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو ئەمریکییانەی لە وڵاتەکەدا بێسەروشوێنبوون، ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی باشبوونەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە.
رۆژی یەکشەممە 25-05-2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسی: "حکومەتی نوێی سووریا رازیبووە یارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکی یان پاشماوەکانیان بدات،" وەسفی ئەمەی وەک "هەنگاوێکی بەهێز بەرەو پێشەوە" کرد.
راگەیێندراوەکە رۆژێک دوای ئەوە هات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت، کە کۆتایی بە زیاتر لە دەیەیەک سڕبوونی دیپلۆماسی هێنا.
لەوکاتەوەی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی پار رووخێنرا، پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکا پەرەیان سەند.
باراک رایگەیاند، "دەبێت خێزانەکانی ئۆستن تايس، مەجد کەمالماز و کایلا مۆلەر دڵیان ئاسوودە بێت،" ئاماژەی بەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە کرد کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی وێرانکەری سووریادا کە لە ساڵی 2011 هەڵگیرسا، بێسەروشوێنبوون یان کوژراون.
تایس وەک رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، واشنتن پۆست و چەند دەزگەیەکی دیکە کاری دەکرد کاتێک لە مانگی ئابی 2012 لە خاڵێکی پشکنین دەستبەسەرکرا.
کەمالماز، چارەسەرکارێکی دەروونیی سووریایی-ئەمریکی، دەگوترێت دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن حکومەتی ئەسەدەوە لە ساڵی 2017 گیانی لەدەستدابێت.
مۆلەر کارمەندی رێکخراوێکی مرۆیی بوو کە لەلایەن داعشەوە رفێندرا، گرووپەکە لە شوباتی 2015 مردنی ئەویان راگەیاند و گوتیان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئوردنیدا کوژراوە، ئەمەش دەنگۆیەک بوو کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە رەتکرایەوە.
باراک، کە هەروەها وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کاردەکات، گوتی: "سەرۆک ترەمپ روونیکردووەتەوە کە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکی یان رێزلێنانیان بە شکۆوە، لە هەموو شوێنێک لە پێشینەی کارەکانیانە."
باراک گوتی: "حکومەتی نوێی سووریا لەمە یارمەتیدەرمان دەبێت."
ئەمریکییە کوژراوەکانی دەستی داعش
سەرچاوەیەکی سووریایی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات گوتی، 11 ناوی دیکە لە لیستی واشنتندا هەن، کە هەموویان سووریایی-ئەمریکین.
سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، شاندێکی قەتەری ئەم مانگە، لەسەر داوای واشنتن، دەستی بە ئەرکێکی گەڕان و پشکنین کردووە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی ئەو بارمتە ئەمریکیانەی لەلایەن داعشەوە کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگای سەرەکی لە بەریتانیایە، گوتی: "شاندە قەتەرییەکە هێشتا لە پارێزگای حەلەب بەدوای تەرمی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەدا دەگەڕێت کە لەلایەن داعشەوە لەسێدارەدراون."
جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتلۆف، دوو رۆژنامەڤانی ئەمریکی بوون، لە ساڵی 2014ـدا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتن کە لەلایەن چەکدارێکەوە سەردەبڕدرێن و بە زاراوەیەکی بەریتانی قسەی دەکرد.
شافی شێخ، جیهادییەکی خەڵکی شاری لەندەن بوو، لە ساڵی 2022 بە تاوانی بارمتەگرتن و پیلانگێڕی بۆ کوشتنی فۆلی و سۆتلۆف، هەروەها پیتەر کاسیگ و کایلا مۆلەر، کارمەندانی مرۆیی، لە دادگە بە تاوانبار ناسێندرا.
هەڵگرتنی فەرمیی سزاکانی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیان رێکخستەوە بۆ ئەوەی بەرەنگاریی قاچاخچێتیی مادە هۆشبەرەکان و مرۆڤ لە سنوورەکان ببنەوە، لەکاتێکدا هەوڵیشدەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوا باشتر بکەن.
رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی سووریا پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا کرد و ئەو هەنگاوەی بە "هەنگاوێکی ئەرێنی لە ئاراستەی راست بۆ کەمکردنەوەی سەختییە مرۆیی و ئابوورییەکانی وڵات" وەسفکرد.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گوتی، سووککردنی سزاکان حکومەتی نوێش دەگرێتەوە بەو مەرجەی سووریا پەناگەی ئارام بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان دابین نەکات و ئاسایشی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان مسۆگەر بکات.
ترەمپ لەم مانگەدا لەکاتی سەردانێکیدا بۆ سعودیە، تەوقەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد کە پێشتر جیهادی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ