رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 25-08-2025 جین شاهین، سیناتۆری ئەمریکیی دیموکرات لە ویلایەتی نیو هامشێر، کە هاوکات ئەندامی پلە باڵای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانە، سەرۆکایەتیی شاندێکی بۆ سووریا کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبووەوە.
جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی کۆماری لە ویلایەتی کارۆلاینای باشووری و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریاش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
شاهین یەکەم ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانە کە لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە سەردانی سووریا دەکات و رووبەڕوو لەگەڵ شەرع و نوێنەرانی حکومەتی کاتیدا کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، جین شاهین لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شەرع، باسی لەو پێشکەوتنە کرد کە لە دۆخی ئەمنیدا بەدەستهاتووە و باسی لە خاڵە لەپێشینەکانی دیکەی ئەمریکا لەناو سووریادا کرد.
سیناتۆرەکە گرنگیی پاراستنی مافی سووریاییەکانی سەر بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و لەخۆگرتن لە پێکهاتەکانی حوکمڕانیی سووریای گەیاند، هەروەها باسی لە پڕۆژەیاسای دوو حیزبیی ئەمریکا کرد کە سزاکانی سەردەمی ئەسەد لەسەر سووریا هەڵدەگرێت.
لەلایەکی دیکە، جین شاهین کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هیند کەبەوات، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد لەسەر بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، ئاشتی و ئاشتەوایی، گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی دوای شەڕ.
سیناتۆرەکە هەروەها لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە بۆ دەربڕینی پشتیوانی و گفتوگۆکردن لەسەر تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سووریادا.
لەکۆتاییدا، شاهین لەگەڵ گرووپێک لە سەرکردە فرە نەتەوە و فرە ئایینەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆنفرانسێکی ئاشتی و دیالۆگدا کۆبووەوە، کە لە کەنیسەیەکدا بەڕێوەچوو.
جین شاهین گوتی: "ئەمریکا ئامادەیە ببێتە هاوبەشی سووریایەکی نوێ کە بەرەو ئاڕاستەی راست بڕوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ