رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندێکی کۆبانێ رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا و سوپای سووریا شەش ئەندامی خێزانەکەی کوژراون، کە سێ ژن و سێ منداڵن. دەشڵێت: "بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکانەوە ناتوانین تەرمەکان لەژێر داروپەردوو دەربهێنین".
ئازاد موسلیم، دانیشتووی گوندێکی سەر بە کۆبانێ، رۆژی دووشەممە 26-01-2026 بە رووداوی رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە بۆردوومانەکانی سوپای سووریا و فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی کۆبانێ بەردەوامن.
ئازاد موسلیم هێرشەکەی شەوی 25ـی مانگی بۆ سەر گوندی (خەرابێشک) بە "کۆمەڵکوژی" ناوبرد و گوتی: "کاژێر 11:00ـی شەو بە درۆن هێرش کرایە سەر ماڵێکی مەدەنی کە 10 بۆ 12 کەسی تێدابوو، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون".
لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانەوە، ئازاد ئاشکرای کرد کە لەو هێرشەدا پێنج کەس کوژراون، لەوانە (فاتمە عوسمان، جەمیلە عوسمان، سۆلاف رەشۆ، جەعفەر محەممەد شێخ بۆزان و منداڵەکەی محەممەد شێخ بۆزان). گوتیشی: "پێنج کەسی دیکە بریندارن و تەرمی چوار لە کەسوکارەکەمان لەژێر داروپەردووی خانووه رووخاوەکان ماونەتەوە و ناتوانین دەریانبهێنین".
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، هەواڵی بۆردوومانی گوندی (چارەبانی)ـیان پێگەیشتووە کە لە ئەنجامدا پووری بەناوی (سەلوا مەحموود) گیانی لەدەستداوە و کوڕێکی پووریشی بەناوی مەحموود موسلیم بریندار بووە، بەڵام "بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێتەوە نەیانتوانیوە زانیاری لەسەر دۆخی بریندارەکە وەربگرن".
بەگوتەی ئازاد موسلیم، سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەست لە 18ـی مانگ، خەڵک گەڕابوونەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام "لایەنەکان پابەندی ئاگربەست نەبوون و جارێکی دیکە خەڵک ئاوارەی کۆبانێ بوونەتەوە". ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد گوندەکانی خەرابێشک، چەلەبی، میل، خانک، تێرمک و خانکێ بە چڕی و بەردەوامی بۆردوومان دەکرێن.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و مرۆیی، ئازاد موسلیم بە رووداوی راگەیاند: "پێداویستیی تەندروستی، ئاو، وزە و ئینتەرنێت نییە و کۆبانێ لەژێر گەمارۆدایە". گوتیشی: "دۆخەکە زۆر خراپە و خەریکە لەناو کۆبانێ دەخنکێین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ