رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە نوێترین راپۆرتیدا وردەکاریی مەترسیدار لەبارەی شەڕی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، چەکدارانی حکومەت تەرمی شەڕڤانێکی ژنیان لە باڵەخانەیەکەوە فڕێداوەتە خوارەوە. هاوکات هۆشداری دەدات لە گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ عێراق بەهۆی مەترسیی "ئەشکەنجەدان".
رۆژی دووشەممە 26-01-2026، رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر پێشێلکارییەکانی جەنگ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا هەردوو لایەنی شەڕ (سوپای سووریا و هەسەدە) بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن رێکخراوەکەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا لە گەڕەکەکانی حەلەب، تەرمی ژنە شەڕڤانێک لە سەربانی باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە. هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت: "ئەم کارە بێڕێزیکردنە بە تەرم و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگە".
هەروەها راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە حەلەب هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە و دەیان هاووڵاتیی کوردیان دەستگیرکردووە کە ئێستا چارەنووس و شوێنیان نادیارە.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی بەنداوی تشرینیان کردووە، بە ئەنقەست ئاو و کارەبایان لەسەر ناوچەکانی کۆبانێ و بەشێک لە حەلەب بڕیوە. ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێکخراوەکە دەڵێت: "بەکارهێنانی پێداویستییە سەرەتاییەکان وەک چەک دژی خەڵکی مەدەنی، پێشێلکارییەکی روونی یاساکانی جەنگە و ژیانی هەزاران کەسی خستووەتە مەترسییەوە".
سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکان، راپۆرتەکە ئاماژە بە ئامارەکانی رێکخراوی کۆچ (IOM) دەکات کە تاوەکو 18ـی مانگ 13 هەزار کەس ئاوارە بوون. شایەتحاڵەکان بە رێکخراوەکەیان راگەیاندووە، ئەو "رێڕەوە مرۆییانەی" حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، بوونەتە شوێنی مەترسی، چونکە نیشانەشکێنەکانی هەردوولا تەقە لەو کەسانە دەکەن کە هەوڵی هەڵاتن دەدەن، هەندێک جاریش هێزەکانی ئاساییش و هەسەدە رێگری لە خەڵک دەکەن ناوچەکانی شەڕ جێبهێڵن.
مەترسیی گواستنەوەی داعش بۆ عێراق
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باسی دۆخی کەمپەکانی هۆل و رۆژ کراوە. دوای کشانەوەی هەسەدە لە 20ـی مانگ، هێزەکانی حکومەت چوونەتە ناو کەمپی هۆل و "تاڵانکاری" روویداوە، هەروەها 120 زیندانی هەڵاتوون.
سەبارەت بە پلانی گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق، هیومەن رایتس وۆچ نیگەرانیی قوڵی خۆی نیشانداوە و دەڵێت: "دادگاکانی عێراق پێشینەیان هەیە لە دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ئەشکەنجەدان، بۆیە گواستنەوەی ئەو زیندانییانە مەترسیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەی لێ دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ