نەتەوە یەکگرتووەکان: پێنج هێرش کراونەتە سەر کەرتی تەندروستی سوەیدا و دوو پزیشک کوژراون

28-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاستی کردەوە، کە بەهۆی تووندوتیژییەکانی ئەم دواییە لە پارێزگای سوەیدا، پێنج هێرش کراونەتە سەر کەرتی تەندروستی، کە کوژرانی دوو پزیشکی لێکەوتووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، ستیڤان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاستیکردەوەتەوە، لە تووندووتیژییەکانی ئەم دواییانەدا لە پارێزگای سوەیدا، "پێنج هێرش کراونەتە سەر کەرتی تەندروستی."
 
دوژاریک ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی دوو پزیشک و بە ئامانجکردنی ئەمبوڵانسەکان. 
 
هاوکات نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لە دۆخی "کارەساتباری" پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا و رایگەیاند، تووندووتیژییەکانی ئەم دواییانە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 175 هەزار کەس و کوژرانی سەدان کەسی دیکە، لەنێویاندا ژنان، منداڵان و کارمەندانی پزیشکی. 
 
نووسینگەکە دەڵێت: "هەفتەکانی رابردوو بیرهێنانەوەیەکی تاڵ بوون کە سووریا نەک هەر یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان، بەڵکو رووبەڕووی تووندوتیژی و شۆکی کەشوهەواش بووەتەوە کە پێداویستییەکانی وڵاتەکە زیاتر دەکات."
 
وەکو نووسینگەی کاروباری مرۆیی ئاماژەی پێدەکات، ژێرخانی ئاوی سوەیدا زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و دابینکردنی ئاوی پچڕاندووە. 
 
پێکدادانەکانی سوەیدا، کە لە 13ـی تەممووزەوە دەستیانپێکرد، سەرەتا چەکدارانی دروز و عەرەبە سوننە دەشتەکییەکان رووبەرووی یەکدی بوونەوە، بەڵام بەگوێرەی شایەتحاڵان، شارەزایان و سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی حکومەت لە بەرژەوەندیی دەشتەکییەکان دەستوەردانیان کردووە.
 
ئاگربەستێک لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە دەشتەکییەکان لە شاری سوەیدا کشانەوە و هێزەکانی حکومەت لە بەشێک لە پارێزگاکەدا جێگیر کران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە