سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق پەیامێکی سوودانی دەگەیێنێتە ئەحمەد شەرع

28-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق سەردانی سووریا دەکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و پەیامێکی سوودانی لەبارەی پەیوەندیی نێوانیان پێدەگەیێنێت.
 
نێوەڕۆکی ئەو سەردانە لەلایەن میدیای فەرمیی عێراق و لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەتەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کردووە، لەوانە ئاسایشی سنوور و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دۆخی رەوەندى عێراقی لەو وڵاتە.
 
حەمید شەتری پەیامێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقی گەیاندووەتە سەرۆککۆماری سووریا لە بارەی چۆنێتی پەرەپێدانى پەیوەندی دووقۆڵی نێوانیان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان.
 
میدیای فەرمیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە هەردوولا رێککەوتوون لەسەر زیادکردنی هاریکاریى ئەمنی نێوانیان لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
 
سەرۆکى دەزگەى هەواڵگریى عێراق سەردانى باڵەخانەى باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە دیمەشق کردووە و لەگەل هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەکە کۆبووەتەوە و تاوتوێى ئەو کێشانەیان کردووە کە رووبەڕووى رەوەندى عێراقى لە سووریا دەبنەوە، لەگەڵ باسکردنى چۆنێتى چارەسەرکردنى ئەو کێشانە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە