رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، دەستیان بەسەر نزیکەی 11 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرتووە، کە لە لوبنانەوە برابووە نێو ئەو وڵاتە.
رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2025 وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە خستەڕوو و گوتی، "یەکەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای حمس دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت، کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە لوبنانەوە هاتبووە نێو وڵات."
ئەو ئۆتۆمبێلە نزیکەی 11 ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی تێدا شاردرابووەوە کە بایی ملیۆنان دۆلار دەبوو لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
بەرپرسانی سووریا دەڵێن، لێکۆڵینەوەی پێویست دەکەن "بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی تێوەگلاون و دەستنیشانکردنی تۆڕە تاوانکارییەکە" کە پەیوەندییان بەم قاچاخچێتییەوە هەیە.
کاپتاگۆن ناوێکی بازرگانییە بۆ مادەی فینێتیلین و هاوشێوەی ئەمفیتامینەکانە و لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریادا زۆر بەربڵاو بوو و بڕێکی زۆری لەو وڵاتە بەرهەم دەهێندرا و دەنێردرایە وڵاتانی دیکە.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە دەسەڵاتدارانی سووریا چەندین جار دەستبەسەرداگرتنی کاپتاگۆنیان بە قەبارەی گەورە لە سەرتاسەری وڵات راگەیاندووە.
لە لوبنانیش حیزبوڵڵا چەندین جار ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ کە بازرگانیی کاپتاگۆنی وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی دارایی خۆی بەکارهێناوە.
سوپای لوبنان لە ئەیلوولی 2024 یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گرووپەکانی بازرگانیکردن بە کاپتاگۆن ئەنجامدا و دەستیبەسەر 64 ملیۆن حەبدا گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ