بەرپرسێکی ئەمریکی: شەرع ناچار دەکەین مەرسوومی مافەکانی کورد جێبەجێ بکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژنامەی وۆڵ ستریتی جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا هێرشی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە بە "دروستکردنی ئاستەنگ" بۆ شەڕی دژی تیرۆر و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەو شەڕە دادەنێ و نووسیویەتی: "تۆم باراک و هەندێک بەرپرسی دیکە رووبەڕووی رەخنەی کۆمەڵێک بەرپرس و کۆنگرێسمان بوونەتەوە کە دەیانەوێت پشتیوانی بۆ هەسەدە بەردەوام بێ.''

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "هێرشی حکومەتی سووریا بۆ زەوتکردنی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی هێزە پشتیوانیکراوەکەی ئەمریکا مشتومڕ لەسەر ئەوە دروست دەکات ئایا پێویست دەکات واشنتن پشتیوانی سەرۆکی سووریا بکات لەو هێرشە بۆ سەر هێزێک کە هاوکاریی ئەمریکا بوو بۆ شکاندنی داعش؟.''
 
ئاگربەستی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژکراوەتەوە و پێدەنێتە هەفتەی دووەم، لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ناوچەیەکی فراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایان گرت، ئەو هێرشە بەشێوەیەکی ریشەیی هاوسەنگی هێزی لە وڵاتەکە گۆڕی و وایکرد سوپای ئەمریکا بیر لە کشانەوەی ئەو هەزار سەربازەی بکاتەوە لە سووریان، ئێستا مشتومڕ بەردەوامە لەسەر هاوکاریی واشنتن بۆ هەوڵەکانی لە کۆنترۆڵکردنی ئەو خاکەی پێشتر لەدەستی هێزە کوردییەکەدا بوو ( هەسەدە).''
 
لە راپۆرتەکەدا باس لە دوو بۆچوونی جیاواز و دابەشبوونی بۆچوونەکان لە ئەمریکا دەکات لەسەر ئەو دۆخەی سووریا و نووسیویەتی: "ئەو دۆخە تۆم باراک، کە یەکێکە لە دیارترین هاوکارەکانی ترەمپ و نێردەی ئەمریکاشە بۆ سووریا، لەگەڵ پشتیوانانی دیکەی باراک، رووبەڕووی ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی دیکە دەکاتەوە شارەزایی زۆریان لەو ناوچە هەیە و دەیانەوێت پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەسەدە بەردەوام بێ کە بڕبڕەی پشتی شەڕی دژی داعشە.''
 
لە راپۆرتەکەدا باس لە کارەکانی باراک دەکات و دەڵێ: "باراک و پشتیوانانی دەڵێن سەرکردە نوێیەکەی سووریا، باشترین و دوایین هیوایە لە سووریا بۆ یەکخستنی وڵاتەکە پاش چەندین ساڵ شەڕی نێوخۆ، بەڵام لە بەرامبەردا ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی دیکە هۆشداری دەدەن پشتیوانیی ئەحمەد شەرع بۆ ناوەندیکردنی دەسەڵات لە سووریا، هەسەدە ناهێڵێت کە پشتپێبەستراوترین هاوبەشی ئەمریکایە لە شەڕی دژی تیرۆر لە ناوچەکەدا.''
 
رۆژنامەکە دەڵێ: "تۆم باراک پشتیوانی لە حکومەتی شەرع دەکات، سەرکەوتووبوو لە هەڵمەت و هەوڵی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بە پشتیوانی هەردوو پارتەکەی کۆنگرێس، پشتیوانی هەوڵەکانی شەرعیشی کردووە بۆ یەکخستنەوەی وڵاتەکە، ترەمپ خۆشی بە ئاشکرا پشتیوانی شەرعی کردووە و بانگهێشتی کرد بۆ کۆشکی سپی، سێشەممە گوتی گفتوگۆیەکی نایابی لەگەڵ شەرع کردووە کە پێشتر ئەندامی قاعیدە بوو، ترەمپ گوتی لەبارەی دۆخەکە قسەمان کرد و ئەو کاری زۆر باش دەکات.''
 
بەپێی رۆژنامەکە، باراک پێشنیازی کردووە پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەحمەد شەرع بیانووی هێشتنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و پشتیوانی هێزەکانی شەڕی دژی داعش ناهێڵێت، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن واشنتن بیر لە کشانەوەی یەکجاری لە سووریا دەکاتەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
 
بەڵام رۆژنامەکە لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەدا، باسی هەوڵ و داوای کۆنگرێسمانانی ئەمریکا و کۆمەڵێک بەرپرس دەکات بۆ بەردەوامی پشتیوانی لە هەسەدە وەکو هێزی سەرەکی شەڕی دژی داعش و نووسیویەتی: "ئەندامانی کۆنگرێس بە ئاشکرا و لەپشت پەردەشەوە دەڵێن پێویستە واشنتن بەردەوام بێ لە پشتیوانی هەسەدە بە راگرتنی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی شەرع و مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە وڵاتەکە، چونکە کشانەوە لە سووریا مانای وازهێنانە لە نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا، ئەو کۆنگرێسمانانە دەڵێن بەڕای چەندین بەرپرسی ئەمریکا کە لەگەڵ هەسەدە کاریان کردووە نابێ پشت لە هەسەدە بکرێ و دەبێ پشتیوانییەکان بەردەوام بێ، چونکە نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکایە، ئەو بەرپرسانە لە گفتوگۆیان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس وایان گوتووە.''
 
بەپێی راپۆرتەکە کشانەوەی ئەمریکا ئاستەنگێکی دیکەش دروست دەکات، دەرگە لەبەردەم سەرهەڵدانەوەی داعش دەکاتەوە، هەرچەندە بەرپرسان گوتویانە کە دەستیان کردووە بە گواستنەوەی هەزاران زیندانی داعش لە زیندانییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆ عێراق، پێشتر هەسەدە پاسەوانی دەکردن و لەکاتی شکاندنی خەلافەتی داعش دەستگیری کردبوون، بەڵام سەتان چەکداری داعش لەکاتی هێرشی هێزەکانی شەرع هەڵاتوون، بەشێکیان دەستگیرکراونەتەوە بەڵام هەموویان نا.
 
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاندووە: "لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سووریا دەکەین، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بگەنە چارەسەرێکی دیپلۆماسی.''
 
بەپێی قسەی بەرپرسە ئەمریکییەکە: "ئیدارەی ترەمپ شەرع و حکومەتەکەی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ئەو مەرسوومەی دەریکرد بۆ گەرەنتی مافەکانی کورد لە رووی زمان و کولتوورەوە.''
 
ئەو بەرپرسە دەڵێ: "سەرۆک بە روونی گوتوویەتی حکومەتی سووریا پێویستە ماف و ئاسایشی هەموو کەمینەکان بپارێزێت لە سووریا.''
 
هەروەها بەپێی رۆژنامەکە: "تۆم باراک رایگەیاندووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە گوشارکردن لە حکومەتی نوێی سووریا بۆ مافەکانی کورد و هاوئاهەنگیکردن لە شەڕی شانە نووستووەکانی داعش، بەڵام ئەمریکا بەرژەوەندیی لەوەدا نییە بۆ ماوەیەکی درێژ لە سووریا بمێنێتەوە.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە سێ کۆنگرێسمانی ئەمریکا قسەیان بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن کرد و داوا دەکەن ئەمریکا پشتیوانی لە کورد بکات لە سووریا و بیپارێزێت، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوو لیندزی گرام سیناتۆری ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ پاراستنی کورد پێشکێش بکات و بەشێکی کۆنگرێسمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانیش پشتیوانی پڕۆژەیاساکە دەکەن.
 
لیندزی گرام، سیناتۆری دیار لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا نیگەرانە لە پشتکردن لە کورد و دەڵێ: "ئەگەر کورد شتێکی بەسەر بێ لە سووریا، لە داهاتوودا رووبەڕووی قۆناخێکی سەختی دۆزینەوەی هاوپەیمان دەبینەوە.''
 
ئەو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا رایگەیاندووە: "خراپترین لێکەوتە بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا پشترکردنە کوردە، هیچ بیانوویەک نییە لەسەر هاوکاریکردنی ئەمریکا سزا بدرێن.''
 
گرام بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "قسەم لەگەل سەرۆک ترەمپ کردووە لەبارەی سووریا، زۆر گەشبینم سەرۆک دەتوانێ دۆخەکە سەقامگیر بکات.''
 
 
هەروەها کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری دیموکراتەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە " پێویستی پشتیوانی کورد " لەلایەن ئەمریکاوە کرد، ئەو دەڵێ :" ئەرکی سەرشانمانە کە بەتایبەت پابەندبین بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردی سووریا، چونکە ئەوان سەری رم بوون لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش.'' 

 

راشیگەیاندووە:" کوردی سووریاش ناچارن بە نیەتێکی باشەوە هاوکاربن بۆ دامەزراندنی سووریایەکی یەکگرتوو .''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع

میدیای سووریا دەڵێت هەسەدە و دیمەشق گەیشتنە لێکتێگەیشتن

میدیای سووریا دەڵێ، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ. بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە "کۆتایی بە هەموو پێکدادانە سەربازییەکان دەهێنرێ و بەرپرسیارێتی بواری ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش دابەش دەکرێ.