رووداو دیجیتاڵ
"چاوێکم لەسەر عێراق بوو،" ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بەو رستەیە گرنگیی عێراقی بۆ وڵاتەکەی دەربڕی، ئەمەش ئەو کاتەی کە لە کۆتایی 2024 خۆی و هێزەکەى لە پارێزگای حەلەبەوە بەرەو دیمەشقی پایتەخت دەڕۆیشتن بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد. ئەو دەڵێت، "چاودێریی دۆخی سەربازیی سووریام دەکرد لەگەڵ دەرهاویشتەکانی لەسەر عێراق."
ئەحمەد شەرع کە هەشت مانگە بە فەرمی بووەتە سەرۆککۆماری سووریا، دەڵێت، "لە کاتی شەڕەکانمان لە سووریا و بەر لە گەیشتنمان بە دیمەشق، تێبینیی ئەوەمان کرد کە هەندێک لایەنی عێراقی دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە."
ئەو گوتانەی ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەکەیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاری عەرەب، کە لە 24ی ئاب لە دیمەشق کرا، بەڵام دەقی گفتوگۆکە تازە بڵاوکراوەتەوە.
شەرع باسی دۆخی دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کاریگەریی لەسەر عێراق کرد. بە گوتەی ئەو، لە ناوخۆی عێراقدا گوشارێک لەسەر بڕیاربەدەستان هەبوو، کە دەبێت حکومەت زوو دەستوەربدات و ئاڵنگارییەکی گەورە هەیە، ئەگەرنا "باجێکی قورس دەدات،" ئەویش هەوڵی بە دڵنیاکردنەوەی عێراقی داوە.
8ی کانوونی یەکەمی 2024 بە فەرمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، کە پەیوەندیی هاومەزهەبی شیعەى لەگەڵ ئێران و زۆرینەی دەسەڵاتدارانى عێراق بەهێز بوو.
سەرۆککۆماری سووریا گوتی، "پەیامێکی راستەوخۆ و بەپەلەم نارد بۆ سوودانی کە لە پەرلەمان بوو، بۆئەوەی بڕیارێک بدات. لەوە ترسام کە بڕیارێکی هەڵە بدات و بە ڤیدیۆیەکی خێرا هاوکاریم کرد، کاردانەوەی باش بوو بۆئەوەی تێڕوانینێکی ئەرێنیی بۆ دۆخی سووریا هەبێت."
سنووری نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 605 کیلۆمەترە، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، مەترسیی عێراق لەوە بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە سووریاوە دزە بکەنە ناو وڵاتەکەی.
ئەحمەد شەرع گوتی، "ئەو پەیامە وایکرد عێراقییەکان دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و تەنیا رێکاریان پاراستنی سنوور بێت."
رەخنەی سەرۆککۆماری سووریا ئاراستەی هەندێک لە لایەنی عێراقی بوو بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت و گوتی، "هەندێک لەو گرووپە چەکدارانەی بەڕوومان وەستانەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بوون. ئەوە یەکێک بوو لەو پرسانەی بە تەواوی لێی تێنەگەیشتم. کاتێکیش کشانەوە بۆ عێراق، لەوێ لەڕووی راگەیاندنەوە هێرشیان دەکردە سەرمان."
ئەحمەد شەرع ماوەی دەسەڵاتی محەممەد شیاع سوودانی لە عێراق بە جیاواز دەبینێت، بەو پێیەی وەکو خۆی دەڵێت، لەبەر ئەوەی سوودانى نەچووەتە نێو پارتە ئیسلامییەکان و لە ژینگەیەکی دامەزراوەییەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
بۆ یەکەم جار لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ، سوودانی و شەرع لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوە.
سەرۆککۆماری سووریا گوتی، "عێراق ئێستا لەبەردەم ئاڵنگارییەکدایە کە هەڵبژاردنە و نازانرێت دۆخەکە دوای ئەوە چی لێدێت. گوشارێکی زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراقە، هەندێک ئاماژەی نەرێنی لەلایەن هەندێک لە لایەنەکانی عێراقەوە هەیە بەرامبەر بە سووریا، کە بەشێکی زۆری وەهمە و سیاسەتی سووریا بەو ئاراستەیەدا ناڕوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ