رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا رایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا بە بەهای 28 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ وڵاتەکە مسۆگەر بکات.
رۆژی چوارشەممە، 29-10-2025، سەرۆکی کاتیی سووریا لە کاتی قسەکردنیدا لە کۆنفرانسێکدا لە ریاز، ئامارەکەی خستەڕوو، کە تێیدا وەک میوانێکی تایبەت لە نۆیەمین خولی کۆڕبەندەکەدا بەشداربوو.
شەرع بۆ دڵنیاکردنەوەی وەبەرهێنەرەکان گوتی: "دەرفەت لە سووریا زۆر گەورەیە و جێگەی هەمووان دەبێتەوە."
سووریا ئەرکی زەبەلاحی دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوورییە تێکشکاوەکەی دەستپێکردووە، دوای ئەوەی زیاتر لە دەیەیەک شەڕ بووە هۆی کوژرانی سەتان هەزار کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنان و وێرانبوونی شارەکان. بۆ ماوەی چەندین دەیەش، وڵاتەکە بەهۆی گەمارۆکانەوە نەیتوانیبوو وەبەرهێنانی بەرچاو مسۆگەر بکات.
رۆڵی سعودیە لە راکێشانی وەبەرهێنان
لەسەرەتای ئەم مانگەدا، بانکی نێودەوڵەتی، تێچووی ئاوەدانکردنەوەی سووریای بە 216 ملیار دۆلار خەمڵاند.
لەوکاتەوەی ئەسەد رووخاوە، سعودیە خەریکی نزیکبوونەوەیە لە سەرکردە نوێیەکانی دیمەشق. لە مانگی ئایاردا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای قایل کرد کە بەڵێنی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سووریا بدات. شازادەی جێنشین هەروەها کۆبوونەوەیەکی لەنێوان ترەمپ و شەرعدا رێکخست، کە پێشتر سەرکردەیەکی جیهادی بووە و ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانێکی ئەمریکادا لە عێراق بووە.
شانشینەکە هەروەها سامانە نەوتییە زەبەلاحەکەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەکارهێناوە. لە مانگی تەممووزدا، سعودیە رێککەوتنی وەبەرهێنان و هاوبەشیی لەگەڵ سووریادا بە بەهای 6.4 ملیار دۆلار واژۆ کرد.
لە مانگی نیساندا، سعودیە شانبەشانی قەتەر، بەڵێنی دا 15 ملیۆن دۆلار لە قەرزەکانی سووریا بداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ