رووداو دیجیتاڵ
لە رێورەسمێکدا لە دیمەشق و بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە بەشێکی دراوە نوێیەکانی وڵاتەکەی نمایشکرد کە سیمبوولەکانیان وەک پەیامێک بۆ "یەکگرتن، ناسنامە و متمانە بە داهاتوو" لێکدەدرێنەوە.
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی عەبدولقادر حەسرییە، پارێزگاری بانکی ناوەندی سووریا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە وێنەی بەشێکی دراوە نوێیەکانی سووریا نمایشکران.
بەشێکی دراوە نمایشکراوەکان بریتی بوون لە 100 لیرەیی، 200 لیرەیی و 500 لیرەیی. دراوەکان وێنەی ئەو بەرهەمانەیان لەسەرە کە وڵاتەکە پێیان دەوڵەمەندە. لەسەر دراوی 100 لیرەیی، وێنەی پەموو هەیە، لەسەر 200 لیرەیی زەیتوون و لەسەر 500 لیرەییش گەنم.
پێش بڵاوکردنەوەی وێنەی دراوەکان پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا لە فەیسبووک نووسی: "باڵەخانەی بانکی ناوەندی، ئەمشەو بە رەنگەکانی ئاڵای نیشتمانیی سووریا رووناک دەکرێتەوە، دواتر رووناکییەکە بۆ نمایشێکی بینراوی جۆرەکانی دراو دەگۆڕدرێ".
پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم رووناککردنەوەیە وەک بەشێک لە ئاهەنگەکانی سووریا بۆ خستنەڕووی دراوە نوێیەکە دەبێت، بۆ ئەوەی جەخت لەسەر بەردەوامی و جێگیری بکاتەوە و مێژووی نیشتمان بە هەنگاوەکانی داهاتووی بەرەو سەقامگیری و نوێبوونەوە ببەستێتەوە."
قسەکەی عەبدولقادر حەسرییە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە بڕیارە گۆڕینی دراوە کۆنەکان بە دراوی نوێ دەست پێبکات کە تێیدا دوو سفر لەسەر دراوەکە لادەبرێ و وێنەی سەرکردەکانی دەسەڵاتی پێشوو لادەبرێن.
حکومەتی نوێی سووریا بەرزکردنەوەی بەهای لیرە وەک یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانی خۆی دەبینێت، ئەوەش لە کاتێکدایە بەهای دراوەکە لە ساڵی 2011ـەوە بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەزیوە.
عەبدولقادر حەسریە پێشتر رایگەیاندبوو، دراوی نوێ هێمای "سەروەریی داراییە لە دوای رزگاری" و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بووژانەوەی ئابووری.
ئەم گۆڕانکارییە داراییانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی ناسراو بە "قەیسەر" لەلایەن ئەمریکاوە کە چاوەڕوان دەکرێ رێگە بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ سووریا خۆشبکات و ببێتە هاندەرێک بۆ سەقامگیریی ئابووریی درێژخایەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ