رووداو دیجیتاڵ
هەسەدە لەگەڵ حکومەتى سووریا رێککەوت کە چوار لیواى لە نێو سوپادا هەبێت و هێزەکانیان لە هێڵى بەریەککەوتنى نێوانیان بکشێننەوە و دامەزراوە کارگێڕییەکان تێکەڵ بکرێن و گەرەنتى گەڕانەوەى ئاوارەکان بکرێت.
هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە.
هەسەدە رایگەیاندووە کە رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ لەنێوانیان، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناوەندی شاری حەسەکە و قامیشلۆ، هەروەها دەست دەکرێت بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە لیوایەکی دیکە بۆ هێزەکانی کۆبانێ پێکدەهێنرێت لە چوارچێوەی فیرقەی سوپا لە سنوورى پارێزگای حەلەب.
بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق تایبەتە بە یەکە کارگێڕییەکان، بەشێوەیەک کە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی جێگیر دەکرێن.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، کە مافی مەدەنی و خوێندنی گەلی کورد یەکلا دەکرێتەوە و گەرەنتیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دەکرێت.
لە راگەیێنراوەکەی هەسەدەدا باس لەوەش کراوە، کە ئامانج لەو رێککەوتنە یەکخستنی خاکی سووریا و جێبەجێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی تەواوەتییە لە ناوچەکە، لە رێگەی بەهێزکردنی هاوکاری لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بونیاتنانەوەی وڵات.
لە لایەکی دیکە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی سووریا هەمان ئەو خاڵانەی سەرەوەی وەکو رێککەوتنی نوێی دیمەشق و هەسەدە راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ