رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى سووریا رایگەیاند؛ داواکارى گرووپە دەرچووەکان لە یاسا بۆ "پارێزگاریى نێودەوڵەتى" ناڕەوان. راشیگەیاند، هەموو شێوازەکانى دەستوەردانى دەرەکى لە کاروبارى ناوخۆى سووریا رەتدەکەنەوە، بەڵام "بەتەواوى پابەندن" بە پاراستنى دروزەکانی وڵاتەکە.
چوارشەممە 30ـی نیسانى 2025، وەزارەتى دەرەوەى سووریا رایگەیاند: "هەموو شێوازەکانى دەستوەردانى دەرەکى لە کاروبارى ناوخۆى سووریا رەتدەکەینەوە و داواکارى گرووپە دەرچووەکان لە یاسا بۆ پارێزگاریى نێودەوڵەتى، کە بەشداربوون لە کارى تووندوتیژیی، داواکارى ناڕەوا و رەتکراوەن".
وەزارەتى دەرەوەى سووریا ئاماژەى بەوەداوە، ئەو داوایانە لەو لایەنانەیە "کە لە دەرەوەى چوارچێوەى یاسای سووریا کاردەکەن" و ئەو هەڵسوکەوتانە "هەڕەشەیەکى راستەوخۆن لەسەر یەکپارچەیی خاکى سووریا."
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەڕ لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای سەر بە دیمەشق، لەنێوان سوپای سووریا و گرووپی چەکداری ریجالکەرامە کە دروزین بەردەوامە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، 16 ئەندامی ئاسایشی سووریا کوژراون، بەڵام هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن نزیکەی 30 کەس کوژراون.
وەزارەتى دەرەوەى سووریا دەڵێت:" بە تەواوى پابەندین بە پاراستنى سەرجەم پێکهاتەکانى گەلى سووریا بەبێ جیاوازى بە پێکهاتەى دروزەکانیشەوە کە بەشێکن لە پێکھاتەى رەسەنى نیشتمانیی سووریا".
پێکدادانەکان دوای ئەوە دروست بوون، رۆژی 28ـی نیسان، لە یەکێک لە زانکۆکانی حومس، دەمەقاڵێ دەکەوێتە نێوان خوێندکارەکان و بە شێوەیەکی تائیفی لێکدراوەتەوە. کەسێک دەنگێکی تۆمار کردووە و بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە (د. خ)؛ دەنگەکە بڵاوکراوەتەوە و دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کە خاوەنی دەنگەکە دروزە.
وەزارەتى دەرەوەى سووریا دەڵێت، "دەبێت سەرجەم پرسە نیشتمانییەکان بەگوێرەى میکانیزمى نیشتمانى چارەسەر بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ