هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش: دەبێت تووندوتیژییەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا بوەستێت

31-08-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش داوا دەکات گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان چەکدارانی هەسەدە و چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور کۆتایی بێت و دەشڵێت، "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی باکووری رۆژئاوای سووریا دەکەین."
 
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، "سەرنجمان لەسەر کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بەردەوام دەبێت بۆئەوەی دڵنیابینەوە لە شکستی هەمیشەیی داعش."
 
لە راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو شەڕ و ناکۆکییانە کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش دروستدەکەن و دەڵێت، "دوورکەوتنەوە لەو کارە گرنگە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری و زیادبوونی مەترسی و دووبارە سەهەڵدانەوەی داعش."
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە سەرنجەکانیان لەسەر "راوێژپێدان، یارمەتیدان و توانادارکردنی هێزە هاوپەیمانەکان بۆ تێکشکاندنی داعش" بەردەوام دەبێت.
 
ئەو راگەیێندراوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 29-08-2023 گرژی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور لەنێوان شەڕڤانان و چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور روویدا و لە ئەنجامدا 10 چەکداری ئەنجوومەنەکە کوژران و سێ شەڕڤانیش گیانیان لەدەستدا.
 
شەڕەکە دوای ئەوە هات کە چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور هێرشیان کردە سەر چەند بنکەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەهۆی ئەوەی رۆژی یەکشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای حەسەکە شەڕڤانان ئەحمەد خەبیل ناسراو بە ئەبو خەولە، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیان دەستگیر کردبوو.
 
ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور یەکێکە لە گرووپە سەربازییە عەرەبییەکان و بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئاسایشی ئەو ناوچانەی پارێزگای دێرەزوور دەپارێزن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە