رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی سووریا جەخت دەکاتەوە، پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری دەوڵەت پرەنسیپێکی دەستووری نەگۆڕە و هیچ دەستدرێژی و زێدەڕۆییەک قبووڵ ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دادی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەر بانگەواز یان کردەوەیەک زیان بەم بنەمایە بگەیێنێت، وەک تاوانێکی مەترسیدار دژی ئاسایشی دەوڵەت هەژمار دەکرێت و رووبەڕووی رێکاری یاسایی تووند دەبێتەوە.
ئەو وەزارەتە جەخت لەوە دەکاتەوە، "دەوڵەتی سووریا پابەندە بە پرەنسیپی سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە ماف و ئازادییە گشتییەکان کە دەستوور گەرەنتی کردوون، ئازادی رادەربڕینیش مافێکی پارێزراوە بەو مەرجەی لە چوارچێوەی یاسادا بێت و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێت."
هەروەها روونی کردووەتەوە، "یاسا کارپێکراوەکان بۆ رێکخستنی ئەم مافانە ئامانجیان پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتە و رێگری دەکەن لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایش یان پەکخستنی ژیانی گشتی و هەر کارێکی پێچەوانەی ئەم رێکارانە بە پێشێلکارییەکی راشکاوانەی یاسا دادەنرێت."
وەزارەتی دادی سووریا، جەختیشی کردووەتەوە کە "دەوڵەت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە جیاوازی دەکات لەنێوان رادەربڕینی ئاشتییانەی بیروڕا و ئەو کارانەی کە هاندان یان سووکایەتی و هەڕەشەی تێدایە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی، لەوانەش بەکارهێنانی گوتاری تائیفی یان مەزهەبی یان هەر جۆرە رق و کینە و دابەشکارییەک لەنێوان رۆڵەکانی کۆمەڵگەدا."
راشیگەیاندووە، "ئەم کارانە قەدەخەکراون و سزای یاساییان لەسەرە، چونکە مەترسیی راستەوخۆن بۆ سەر یەکڕیزی کۆمەڵگە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "دامەزراوەکانی دەوڵەت چاوپۆشی لە هیچ جۆرە دەرچوونێک لە یاسا ناکەن و یاسا بەسەر هەموواندا بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت، بەبێ گوێدانە ناونیشان و لایەنگری و پاڵنەرەکان."
لە کۆتاییدا وەزارەتی دادی سووریا، داوای لە هەموو هاووڵاتییان کردووە "پابەندی یاسا بن لە کاتی پیادەکردنی مافەکانیا و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەڵبگرن. "لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو رێکارێکی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنە بەر بۆ پاراستنی گشتی و ئاسایشی دەوڵەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ