رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی پارتەکەی دا لە ئیزمیرەوە رایگەیاند، وەکو ئاکپارتی پێویستە خەڵکی شارەکە قایل بکەن و گەورەشارەوانیی ئیزمیر ببنەوە.
ئەردۆغان لە پارێزگای ئیزمیر کە بە قەڵای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دادەنرێت، رەخنەی تووندی لە جەهەپە گرت و باسی لەوە کرد، ئەوان ساڵانێکە شارەوانییان لەدەستە و خزمەتی خەڵک ناکەن.
ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە بەرپرسانی جەهەپە گرت بەوەی 'لەبری راپەڕاندنی کاروباری شارەوانی، سیاسەت دەکەن.'
هەروەها گوتی "ئیزمیر، سەردەمانێک سیمبوولی شارستانیەت بوو، ئێستا لە پەرێشانترین و پشتگوێخراوترین ساتدایە لە مێژووی خۆیدا. تەنیا رووداوەکانی 10 ساڵی رابردوو، بەسن بۆ نیشاندانی ئەوەی شارەوانی و بەرپرسانی جەهەپە، چ سەیر و سەمەرەییەکیان بەسەر ئەم شارە دا هێناوە! لەبری ئەوەی گوێ لەو کرێکارانە بگرن، کە داوای مافی خۆیان دەکەن، دەریاندەکەنە سەر شەقام."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، بەرپرسانی شارەوانیی ئیزمیر و جەهەپەییەکان، لەڕێی پەردەی ئەتاتورکچیەتییەوە خۆیان لە خزمەتکردنی شارەکە دەدزنەوە و خەمساردییەکانیان پەردەپۆش دەکەن.
رووی دەمیشی کردە سەرۆکی شارەوانیی ئیزمیر و بەرپرسانی دیکەی جەهەپە لە شارەکە و، گوتی "لەکاتێکدا لەبەر بۆنی پیس، کەس ناتوانێت لە کەنداوی ئیزمیر نزیک ببێتەوە، ئەوان خۆیان شێلوو ناکەن. بەرپرسانی راستەقینەی پاککردنەوەی ئەو کەنداوە، تەنانەت بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزارەتیش ناکەن، لەکاتێکدا وەزارەت لەبەرئەو رێزەی بۆ خەڵک هەیەتی، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات."
سەرۆکی ئاکپارتی راشیگەیاند "ئیزمیر تادێ بەرەو دواوە دەڕوات و بەرپرسانی جەهەپەش بەردەوامن لە تاڵانکردنی سامانەکەی."
هەروەها گوتی "ئەم پێشهاتە خراپە، چارەنووسی ئیزمیر نییە، بەڵکو وەکو ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور، ئەرکی سەر شانمانە ئەو تابلۆیە بگۆڕین. سەرەتا دەبێت لەبابەتی بژاردەی سیاسیدا، هاووڵاتییانی ئیزمیر لەڕێی خزمەتگوزارییەوە قایل بکەین، نەوەک وڕێنەی ئایدۆلۆژیایی."
گەورەشارەوانیی ئیزمیر کە بە قەڵای جەهەپە دەناسرێت، ماوەی 21 ساڵە لەلایەن پارتی گەلی کۆمارییەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئاکپارتی کە ساڵی 2001 دامەزرێندراوە، هیچ کاتێک نەیتوانیوە گەورەشارەوانیی ئیزمیر بباتەوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیدا کە 31-4-2024 بەڕێوەچوو، جەمیل توگای، بەربژێری جەهەپە 48.9٪ـی دەنگەکانی ئیزمیری بردەوە و بووە سەرۆکی شارەوانی. هەروەها هەمزە داغ، بەربژێری ئاکپارتی 37٪ـی دەنگەکان و ئاکن بیرداڵ، بەربژێری دەم پارتی 4.19٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ