رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سامانی کەسیی خۆی ئاشکراکرد و بەگوێرەی ئەو نووسراوەی کە بڵاوبووەتەوە؛ پێنج ملیۆن و 390 هەزار لیرەی تورکی (259 هەزار دۆلاری ئەمریکی) قەرزاری براکەیەتی".
بڕیارە رۆژی شەممە، 3ـی حوزەیرانی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا سوێندی یاسایی بخوات. بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، هەر کەسێک پێش سوێندخواردنی، پێویستە سامانە گوازراو و نەگوازراوەکانی بە فەرمیی ئاشکرابکات و لەلایەن دادگەوە پەسندکرابێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سامانی کەسیی خۆی ئاشکراکرد و بەوپێیە، پێنج ملیۆن و 390 هەزار لیرەی تورکی (259 هەزار دۆلاری ئەمریکی) قەرزاری مستەفا-ی برایەتی.
لەو بەڵگەنامە فەرمییەدا کە بڵاوکراوەتەوە، سامانی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکراکراوە کە بەمشێوەیەیە:-
سامانە نەگوازراوەکان:
- خاوەنی زەوییەکی 2000م2یە لە گوندی دومانکایا لە شارۆچکەی گونەیسوو لە پارێزگای ریزە. بەهای زەوییەکە لە ساڵی 1988دا 10 هەزار لیرە (500 دۆلار) بوو.
- بەهاوبەشی خاوەنی شوقەیەکی 2+1 ژوورییە لە گەڕەکی کیسیکلی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستەنبووڵ. بەهای شوقەکە لە ساڵی 2019دا حەوت ملیۆن و 695 هەزار لیرە (370 هەزار دۆلار) بوو.
- بەهاوبەشی خاوەنی شوقەیەکی دیکەی 2+1 ژوورییە لە گەڕەکی کیسیکلی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستەنبووڵ. بەهای شوقەکە لە ساڵی 2019دا حەوت ملیۆن و 695 هەزار لیرە (370 هەزار دۆلار) بوو.
سامانە گوازراوەکان:
- خاوەنی یەک ملیۆن و 346 هەزار و 614 لیرەیە (64 هەزار و 700 دۆلار) لە لقی ناوەندی بانکی ئەلبەرەکە تورک.
- خاوەنی 96 هەزار و 723 لیرەیە (چوار هەزار و 647 دۆلار) لە لقی ئاڵتونیزادە-ی بانکی ئەلبەرەکە تورک.
- خاوەنی 411 هەزار و 541 لیرەیە (19 هەزار و 775 دۆلار) لە لقی ناوەندی بانکی زیراعەت.
- 30 هەزار لیرە (هەزار و 440 دۆلار) بە کاش لای خۆیەتی.
قەرزەکان:
- پێنج ملیۆن و 390 هەزار لیرەی تورکی (259 هەزار دۆلاری ئەمریکی) قەرزاری مستەفا ئەردۆغان-ی برایەتی.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جهموور 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە دەکاتە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ. لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت %47.82 دەنگەکانی بەدەستهێنا کە دەکاتە 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 دەنگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ