رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاشکرایکرد، ئەنجامی فەرمیی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار کە لە 28ی ئایار کرا، بۆ رۆژنامەی نێردراوە و "رەجەب تەیب ئەردۆغان 52.18٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە".
ئەحمەد یەنەر لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوەدا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسیی تورکیا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووە گەڕی دووەم و پرۆسەی دەنگدانی لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات دووبارە کرانەوە. راشیگەیاند، ئەنجامی کۆتایی ئەمشەو 1ی حوزەیرانی 2023، لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
ئەحمەد یەنەر رایگەیاند، ئەنجامی فەرمیی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کە لە 28ی ئایار ئەنجامدرا، بۆ رۆژنامەی فەرمی نێردراوە و گوتی "لە ناوخۆی وڵاتدا، 52 ملیۆن و 93 هەزار و 375 دەنگدەر و لە دەرەوەی وڵاتیش بە دەروازە گومرکییەکانەوە، یەک ملیۆن و 930 هەزار و 226 دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەی گەڕی دووەەمی هەڵبژاردنەکەدا کردووە. بەمجۆرە رێژەی دەنگدان لە ناوخۆ 85.72٪ و لە دەرەوەی وڵاتیش 56.34٪ بووە. لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش بە تێکڕا 53 ملیۆن و 23 هەزار و 601 کەس دەنگیانداوە. بەمەش رێژەی بەشداربوون لە گەڕی دووەمدا 84.15٪ بووە".
بەپێی ئەو ئەنجامانە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان 52.18٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ. کەمال کڵچدارئۆغڵویش 47.82٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 دەنگ.
ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەدا، لە 14ی ئایاردا رێژەی بەشداریکردن لە دەرەوەی وڵات 53.73٪ و لە هەڵبژاردنی 28ی ئایاریشدا، رێژەی بەشداریکردن 56.34٪ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ