دیپلۆماتکارێکی تورکیا لە کاتی مەلەکردندا جەڵتە لێیدا و مرد

01-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی تورکیا لە لیشبۆنەی پایتەختی پۆرتوگال، لە کاتی مەلەکردندا جەڵتەی دڵ لێیدەدات و بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدات.
 
شەوی رابردوو 30ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەواڵی گیانلەدەستدانی موراد کاراگۆز، باڵیۆزی تورکیای لە لیشبۆنەی پایتەختی پۆرتوگال راگەیاند و بڵاویکردەوە، "ناوبراو لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بۆ بەسەربردنی رۆژانی پشووی جەژنی قوربان، لە سەیرانگەی شارۆچکەی فەتحییە بوون لە پارێزگای موغڵا." 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، موراد کاراگۆز لە کاتی مەلەکردندا جەڵتەی دڵ لێی داوە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، گیانی لەدەستداوە. تەرمەکەشی لە دادپزیشکی گشتیی پارێزگای موغڵایە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 1ی تەممووزی 2023، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ئیستەنبووڵ بەخاک بسپێردرێت. 
 
موراد کاراگۆز لە ساڵی 1967 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە. دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سیتی یونیڤێرسیتی لە ویلایەتی نیویۆرک هەبووە. یەکێک بووە لە دیپلۆماتکارە دیارەکانی تورکیا کە 18 ساڵە لە فەرمانگەی باڵیۆزخانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کاری دەکرد. پێشتر باڵیۆزی تورکیا بووە لە ئەمریکا و دواجاریش لە لیشبۆنەی پۆرتوگال باڵیۆز بووە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە