رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، محەممەد شیمشەک، وەزیرە کوردەکەی گەنجینە و دارایی تورکیا لە هەژماری تایبەتی تویتەری خۆی بە زمانەکانی تورکی، کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی پیرۆزبایی هاتنی جەژنی قوربانی کردبوو. تویتەکە کاردانەوەی تووندی لەلایەن بەشێک لە سیاسەتڤانە نەتەوەپەرستە تورکەکانی لێکەوتەوە.
لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا، سێڤداگول تونچەر، جێگری سەرۆک و لێپرسراوی راگەیاندنی پارتی زەفەر، وەڵامی تویتەکەی محەممەد شیمشەک داوەتەوە و رەخنەی تووندی لێگرتووە و نووسیوویەتی: "ئەمە جیهانگیری نییە. بەهۆی ئەوەی کورد خاوەن دەوڵەت نین، کەواتە پەیامەکە بۆ هاووڵاتییانی کۆماری تورکیایە. ئەی عەرەبییەکە بۆ پێویستە؟ واز لە خەون و خەیاڵی عوسمانیی بهێنن. رێگەنادەین پێکهاتەی دیمۆگرافی وڵات بشێوێنن، کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی نەتەوەییە و زمانی فەرمی ئەم دەوڵەتەش تورکییە".
موراد نۆیان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی ئیی پارتی، پێیوایە وەزیرێکی دەوڵەت بۆی نییە پەیامێکی وەها بڵاوبکاتەوە و لە تویتەری خۆی نووسیوویەتی: "زۆر بەروون و ئاشکرا لە سێیەمین مادەی دەستووری تورکیادا نووسراوە، زمانی فەرمیی تورکییە. مافی هەموو کەسێکە بە زمانی دایک پەیام بنووسێت، بە محەممەد شیمشەک-ی خەڵکی باتمانیشەوە. بەڵام، کاتێک وەزیرێکی کۆماری تورکیا پەیامێکی وەها بنووسێت، رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە! بەتایبەتی بۆ کەسێک کە هێشتا شۆکی پرۆسەی چارەسەری تێنەپەڕاندووە".
ڤارۆل ئەسەن، سەرۆکی بزووتنەوەی تۆڕان، ئەویش لە هەژماری تایبەتی تویتەری خۆی وەڵامی محەممەد شیمشەکی دەداتەوە و دەڵێت: "چەواشەکاری دەکات" و تێیدا نووسیویەتی: "وەزیری دارایی وڵات بە زمانەکانی تورکی، کوردی و عەرەبی جەژنە پیرۆزە دەکات. پێشتر لەمبارەیەوە تویتم کردبوو. پێدەچێت لە داڕشتنەوەی دەستووری نوێدا فرەزمانی بەفەرمی بکرێت و پێناسەی فرەنەتەوەش بخرێتە ناو دەستوورەوە. چەواشەکاری دەکات".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ