رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێت، پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ماوەیەکی نزیکدا چەک دابنێت؛ لەبارەی شەڕی چەندین دە ساڵەی ئەو پارتە و سوپای وڵاتەکەی ئاماژە بەوە دەکات: ''دەبێت ئەو سەردەمە شوومە کۆتایی بێت''.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە، 1ی تەمووزی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، دەستپێشخەریی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری بە ''هەنگاوێکی دروست و بەجێ'' وەسف کرد؛ گوتیشی، لەسایەی پرۆسەکەدا بەرەی نێوخۆ لە تورکیا بەهێز دەکرێت.
سەرۆکی مەهەپە پێی وایە، پرۆسەی چارەسەری بە ''قۆناخێکی نوێ'' گەیشتووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بەر لەوەی بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکرێت، پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ماوەیەکی نزیکدا چەک دابنێت.
باخچەلی لەبارەی شەڕی چەندین دەیەی سوپای وڵاتەکەی و پەکەکە گوتی: ''دەبێت ئیدی ئەم دۆخە خوێناوی و ئەم سەردەمە شوومە کۆتایی بێت. دەبێت هیواکان زۆر بن و کەشی ئاشتی باڵادەست بێت''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ