ئەردۆغان: ئەو بێ رێزییەی بەرامبەر پەیامبەری رێزدارمان کراوە، جێگەی قبووڵ نییە

02-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گۆڤارێکی تورکیا لە ژمارەیەکیدا کارێکاتێرێکی کێشاوە و تێیدا دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد و مووسا گفتوگۆ دەکەن. سەرۆککۆماری تورکیا سەرکۆنەی گۆڤارەکە دەکات و دەڵێت، ئەمە ''بێڕێزییە'' بە پەیامبەری ئیسلام و پەیامبەرەکانی دیکە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 1ی تەممووزی 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە، سەبارەت بە کێشانی کاریکاتێری محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ)'' رایگەیاند: ''ئەو بێ رێزییەی لەلایەن هەندێک لە بێ رەوشتانەوە بەرامبەری پەیامبەری رێزدارمان کراوە، هەرگیز جێگەی قبووڵ نییە''.
 
ئەردۆغان کاریکاتێرەکەی بە ''ئاژاوەگێڕی'' ناوبرد و گوتی: ''ئەوانەی بێ رەوشتی بەرامبەر بە پەیامبەری گەورەمان و پەیامبەرەکانی دیکەمان دەکەن، لە بەرامبەر یاسادا باجەکەی دەدەن. تاوەکو ئێمە لەسەر دەسەڵات بین، رێگە نادەین لەم وڵاتە هیچ کەسێک سووکایەتی بە پیرۆزییەکانمان بکات''.
 
گۆڤاری لەمان، رۆژی 26 ـی حوزەیرانی 2025 وەشانێکی بڵاوکردەوە و یەکێک لە بابەتەکان کێشانی کاریکاتێرێک بوو کە تێیدا دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد و مووسا لە ژێر بۆردوومانی مووشەکیدان و گفتوگۆ دەکەن.
 
وەک لە گۆڤارەکەدا هاتووە، یەکێکیان دەڵێت: ''سەلام و عەلەیکوم، من محەممەدم''؛ کەسەکەی دیکەش دەڵێت: ''عەلەیکومە سەلام؛ منیش مووسا''.
 
شەوی دووشەممە، 30ی حوزەیران، ژمارەیەک کەس کە پێیان وابوو، کاریکاتێرەکە بە مەبەستی "سووکایەتیکردن بە پەیامبەر محەممەد" کێشراوە، لە بەردەم ناوەندی گۆڤاری لەمان لە ئیستەنبووڵ گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا. 
 
دوای ناڕەزایەتییەکان، گۆڤارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''ئەم کاریکاتێرە هی حەزرەتی محەممەد (دروودی خوای لەسەر بێت) نییە. ئەوەی لە کاریکاتێرەکەدا باس کراوە، موسڵمانێکە بە ناوی محەممەد کە لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراوە''.
 
گۆڤارەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە،  کاریکاتێرەکەیان ''بەلاڕێدابراوە''، باسی لەوەش کردووە: ''داوای لێبووردن لە خوێنەرە نیازپاکەکانمان دەکەین کە بەهۆی ئەو چەواشەکارییانەوە هەستیان بریندار بووە''.
 
دواتریش سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە بەها ئاینییەکان'' لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و هەریەکە لە عەلی یاڤوز، خاوەنی ئیمتیاز؛ زافەر ئاکنار، سەرنووسەر؛ جبرائیل ئۆکچو، گرافیستی گۆڤارەکە، هەروەها دۆغان پەهلیڤان، کێشەری کاریکاتێرەکە دەستگیرکران .
 
لەمان گۆڤارێکی تەنزئامێزە و هەفتانە بڵاودەبێتەوە، ساڵی 1991 دامەزراوە و ناوەندەکەشی لە ئیستەنبووڵە. لەمان یەکەمین ژمارەی خۆی لە 21ی تشرینی دووەمی 1991 بڵاوکردەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە